رووداو-هەولێر
فیلمی ماڵئاوا ئەنالۆگ لە دەرهێنانی هیوا ئەمین نەژاد دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان، لە فێستیڤاڵی فیلمی (MONTREAL FILM FESTIVAL) نمایش دەکرێت.
هیوا ئەمین نەژاد دەربارەی ئەم فێستیڤاڵە بەرووداوی گوت" ئەم فێستیڤاڵە لە 25ی ئاب دەستی پێکردووە و تاوەکو 5ی ئەیلول بەردەوام دەبێت، فیلمەکەی منیش لەم فێستیڤاڵە نمایش دەکرێت ، لەگەڵ ئەوەشدا کێبڕکێ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵەکە دەکات".
فیلمی ماڵئاوا ئەنالۆگ باس لە کارەکتەری پیاوێک دەکات بەناوی کاک سەعی، کە کامێرایەکی کۆن دەکڕێت بۆ قازانج کردن، بەڵام ئەو کامێرایە ژیانی ئەو و هەموو گوندنشینەکانیش دەگٶڕێت.
هیوا ئەمین نەژاد گوتیشی " لەنێوان دەیان فیلمی جیهانی، فیلمەکەی من لە هەفتەی رابردوو توانی خەڵاتی رێزلێنانی 12 هەمین فێستیڤاڵی فیلمی (Rural Route) بەدەستبێنێت، ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگە بۆ مێژووی سینەمای کوردی".
هیوا ئەمین نەژاد، دەرهێنەرێكی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە و لە ساڵی ١٩٧٣ لە رۆژهەڵاتی کوردستان هاتووەتە دنیاوە، چەندین فیلمی بەناوبانگی هەیە، یەكێك لەو فیلمانەی كە لەسێیەمین فێستیڤاڵی سینەمایی دهۆك خەڵاتی بردەوە، فیلمی ماڵئاوا ئەنالۆگ بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ