ئەمڕۆ وێنەگرتنی فیلمی 'خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا' دەستپێدەکات

رووداو دیجیتاڵ

‌‌‎فیلمی 'خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا' بە کامێرای ئەلێکسا 35ـی کۆمپانیای 'Arri' وێنە دەگیرێت، کە نوێترین ئامێری وێنەگرتنی سینەماییە و بەرهەمهێنەرەکەی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بۆ یەکەمجارە لە کوردستان و عێراق کامێراکە بەکاردێت کە بە کوالیتی 4.6K وێنەدەگرێت. 
 
کۆمپانیای سۆپڕۆدەکشن کە بەرهەمهێنەری فیلمەکەیە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ‌‌‎بۆ یەکەمجار ئەم کامێرایە لە فیلمێك لە عێراق بەکاردێت، ئەویش فیلمێکی کوردییە لە بەرهەمهێنانی سۆپرۆدەکشن و ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی ئابی 2023 وێنەگرتنی دەستپێدەکات.
 
‌‌‎هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەدەکات: "هەموو ئەم تایبەتمەندییانە لە دوای 12 ساڵ کارکردن و لێکۆڵینەوە و کارکردنی ئەندازیاران و زانایان ئامادە بووە بۆ خزمەتی بواری فیلم و سینەما، بە خۆشحاڵییەوە لە سینەمای کوردیش کوالیتی بەرهەمهێنان شان بە شانی سینەمای جیهان بەرەوپێش دەچێت".
 
لەم بەرهەمە سینەماییەدا، ماهیر حەسەن، ئەحمەد جۆڵا، رێشان حەمۆ، سرووشت کامەران، سیروان جەمال، شوان کەریم و ژاڵە رەسوڵ رۆڵی سەرەکی دەگێڕن، جگە لە چەند ئەکتەرێکی دیکەی بە ئەزموون و گەنج. 
 
شوان عەتووف دەرهێنەری فیلمەکەیە و کاری سینەماتۆگرافی لە لایەن ئاوات شەریف دەکرێت.