کوردێک وەک یاریدەدەری دەرهێنەر کار بۆ فیلمێکی هۆڵیوود دەکات

01-07-2023
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
تەیم ئادەم، دەرهێنەری کورد
تەیم ئادەم، دەرهێنەری کورد
نیشانەکردن تەیم ئادەم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فیلمسازە کوردەکان جگە لە ئامادەبوونیان لە فێستیڤاڵە جیهانییەکان، هەنگاو بەرەو سینەمای هۆڵیوودیش دەنێن، تەیم ئادەم خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان و هەشت ساڵە لە ئەڵمانیایە و ئەکادیمیای فیلمی تەواو کردووە. ئەو فیلمسازە کوردە لەگەڵ ستافێکی کورد، رووسی و ئەمریکی کار بۆ فیلمێکی نوێی هۆڵیوود دەکەن. 
 
حەوتەم رۆژی دەرهێنانی فیلمی هۆڵیوود 'زە لاست کۆمیتی'یە لە شاری شفێرتەی ئەڵمانیا، لەسەر سێتی فیلمەکە نزیکەی 70 کەس  ئامادەن، هەریەکەیان سەرقاڵی کارێکە بۆ  ئامادەکردنی دیمەنەکانی فیلمەکە. 
 
تەیم ئادەمیش بەوردی تەماشای دیمەنەکان دەکات کە کوڕە کوردێکی خەڵکی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە و دووەم دەرهێنەری ئەم فیلمەیە لەگەڵ یەکێک لە دەهێنەرە نێودارەکانی هۆڵیوود و ئەم فیلمە بەرهەمدەهێنن.
 
ئەو فیلمسازە کوردە هەشت ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و لە ئەکادیمیای فیلمی شاری کوێڵن بەشی دەرهێنانی تەواوکردووە، تاوەکو ئێستا حەوت کورتە فیلمی بەرهەمهێناوە. 
 
فیلمی 'زە لاست کۆمیتی'، فیلمێکی ئاکشنە و بەشێکی دیمەنەکانی لە ئەمریکا وێنەگیراون و دیمەنەکانی دیکەیشی لە ئەڵمانیا، رۆس کلاکسۆن، دەرهێنەری هۆڵیوود کە 40 ساڵە لە هۆڵیوود کار دەکات.
 
کلاکسۆن، بە رووداوی راگەیاند: "ماوەی 40 و شتێک ساڵە لەو کاتەوە دەرهێنەری زۆربەی فیلمە ئەکشنەکان بووم، رەنگە 15 تاوەکو 16 جۆری فیلمم کردبێت، لەگەڵ زۆر ئەکتەری بەناوبانگ لەوان ڤاندام، دۆلف لوندگرێن، وێسلی سنایپس و هەموو ئەو جۆرە کوڕانە. ئەوەی ئەم فیلمە جیاواز دەکات کارکردنە لەگەڵ نەوەی کۆنتر لە شەڕکەرەکان کە پێش سەردەمی من بوون، ئێستا دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی بەڕاستی هەوڵی بۆ بدەن و توانای نواندن زۆر بەرزترە بۆیە ئەم فیلمە زۆر دراماتیکترە لە فیلمە کۆنەکان"‪.‬
 
شاون دەیڤید نوسەرو پرۆدیوسەری فیلمەکەیە کاتێک تەیم دەناسێت سەرسام دەبێت بە شێوازی کارکردنی و دەڵێت: "بیرۆکەمان ئەوە بوو زۆر حەزمان کرد فیلمێکی ئەکشنی دیکەی ساڵانی هەشتاکان بۆ ئەو کەسانە بەرهەمبهێنین کە پێشتر لەگەڵ ژان کلۆد ڤاندام و ئارنۆڵد شوارزنیگەر گەورە بوون، فیلمەکە باس لە پاڵەوانێتییەکی شەڕی نایاسایی نێودەوڵەتی دەکات کە پاڵەوانەکەمان ناچار دەبێت شەڕ بۆ رزگارکردنی کچەکەی بکات، بۆ ئەم فیلمە بەدوای کەسێکی وەک تەیم گەڕام، کاتێک تەیمم بەهۆی هاوکاڕێکمەوە لەسەر سێتێکی فیلمم بینی زۆر سەرسام بووم بە تێروانین و وردی کارکردنییەوە، بۆیە ئێستا زۆردڵخۆشم کە لەگەڵمادایە و ئەو سەرمایەیەکی گەورەیە بۆ تیمەکەمان". 
 
تەیم سەرپشتی تیمەکە دەکات، ئاگاداری هەموو دیمەنێکی فیلمەکەیە هەرکەسێک پرسیاری هەبێت بە روویەکی خۆش هاوکاری دەکات. 
 
ماتیاس لاندڤێر، ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە دەڵێت: "من رۆڵی باوکی کچێک دەبینم کە بەداخەوە دوو ساڵ لەمەوبەر هاوژینەکەی لەدەستداوە و بەڵێن بە کچەکەی دەدات دوایین پاڵەوانێتی خۆی لە نیویۆرک بکات، پاشان تەنیا کات بۆ ئەو تەرخان دەکات و ئاگاداری دەبێت، بەڵام دواتر کچەکەی دەڕفێنرێت و ناچارە لە لیژنەیەکی نایاساییدا شەڕ بکات، بەراستی بەیانیان کە دەبینن تەیم یەکەم کەسە لێرە بە روویەکی خۆشەوە وزەیەکی زۆری هەیە و زۆر بە دەگمەن شتێکی لەم شێوەیەم ئەزموون کردووە، زۆر هاوکاریم دەکات، دەرهێنەرێکی زۆر زیرەکە و کاتێک پێویستم پێیەتی زۆر بەڕوویەکی خۆشەوە هاوکاریم دەکات". 
 
بڕیارە لە نیسانی 2024 پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە لە ئەمەریکا بکرێت، ئاواتی تەیم دەرهێنانی فیلمێکی کوردییە لە هولیوود.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە