سروود عومەر باسی گریانەکەی دەشنێ موراد دەکات

01-07-2015
دەرباز یونس
نیشانەکردن دەنگی نوێ
A+ A-
رووداو – هەولێر

سروود عومەر، گۆرانیبێژی گەنج و یەکەمی پرۆگرامی پێشبڕکێی دەنگخۆشی، لە کاتی بەشداریکردنی لە پرۆگرامی دەنگی نوێ-ی رووداو میوزیک، کە دەرباز یونس پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، کە ئەلبومێکی ئامادەیەو ٨ لە گۆرانییەکانی تەواوکردووە، لە دوای باشبوونی بارودۆخی هەرێمی کوردستان ئەلبومەکەی بڵاودەکاتەوە.

دوێنێ سێشەممە، 30-ی حوزەیرانی 2015، هەریەکە لە هونەرمەندانی گەنج سروود عومەر، گۆرانیبێژ و دییەم جەلیل و رەسەن فەتحوڵڵا وەک میوزیکژەن، میوانی پڕۆگرامی دەنگی نوێ-ی رادیۆی رووداو میوزیک بوون، کە تێیدا میوانان وەڵامی تەواوی پرسیارەکانی بیسەرانی رووداو-یان دایەوە.

هەر لە پڕۆگرامەکەدا، سروود عومەر باسی لەو کاتە کرد، کە خانمە هونەرمەند دەشنێ موراد لەگەڵ گۆرانی لێم ببورە-ی ئەژدەر وەهبی گریا، کە سروود عومەر لە پرۆگرامێکی دەنگخۆشیدا گوتییەوە و ئەم خانمە هونەرمەندەش میوانی پرۆگرامەکە بوو.

سروود عومەر لەمبارەیەوە گوتی "دوای پڕۆگرامەکە دەشنێ موراد هاتە لام و دەستخۆشی لێکردم، پێی گوتم زۆر بەجوانی گۆرانییەکەت بە ستایلی خۆت گوتووەتەوە، ئەمە کاریگەری لەسەر من دروستکردووە".

دەنگی نوێ، پڕۆگرامێکی هەفتانەی رادیۆی رووداو میوزیک-ە، هەموو سێشەممەیەک کاژێر 9-ی شەو راستەوخۆ پێشکەشدەکرێت و رۆژانی چوارشەممە کاژێر 6-ی ئێوارە دووبارە دەکرێتەوە، پڕۆگرامەکە لە لایەن دەرباز یونس ئامادە و پێشکەشدەکرێت.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە