جێنیفەر لۆپێز گەشتە هونەرییەکەی ‌هەڵوەشاندەوە و بەڵێنی قەرەبووکردنەوە دەدات

01-06-2024
پەسار فایەق
نیشانەکردن جێنیفەر لۆپێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێنیفەر لۆپێز، هونەرمەندی ئەمریکی گەشتە هونەرییەکەی لە ئەمریکای باکوور هەڵوەشاندەوە و بەڵێنی قەرەبووکردنەوە بە هەوادارانی دەدات.
 
کۆمپانیای لایڤ نەیشن، رێکخەری گەشتە هونەرییەکە، راگەیێندراوێکی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، جێنیفەر بۆ ئەوەی لەگەڵ منداڵ، ماڵبات و هاوڕێ نزیکەکانی بێت، مۆڵەت وەردەگرێت.
 
ئەم گەستە هونەرییە؛ دەبووە یەکەم گەشتی هونەریی ئەو هونەرمەندە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا کە بۆ ناساندنی ئەلبوومە نوێیەکەی بەناوی "This Is Me.... Now" سازدەکرا.
 
بڕیاربوو گەشتە هونەرییەکە لە 26ـی حوزەیرانی 2024 لە ویلایەتی فلۆریدا لە ئەمریکا دەستپێبکات و لە 31ـی ئابی هەمان ساڵ لە هیستنی ئەمریکا کۆتایی بێت.
 
رێکخەرانی کۆنسێرتەکە رایانگەیاند، ئەوانەی بلیتی کۆنسێرتەکانیان کڕیوە، پارەکەیان بۆ دەگەڕێندرێتەوە.
 
جێنیفەر لۆپێز، لە ماڵپەڕی تایبەت بەخۆی رایگەیاند: "من زۆر خەمبارم و وێران بووم کە بێهیوام کردن، تکایە دەبێت بزانن ئەو کارەم نەدەکرد ئەگەر هەستم بەوە نەکردبووایە کە زۆر پێویستە".
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە: "بەڵێنتان پێدەدەم قەرەبووتان بکەمەوە و جارێکی دیکە هەموومان پێکەوە دەبین. هەمووتانم زۆر خۆشدەوێت".
 
ئەو گۆرانیبێژە جیهانییە لە 16ـی شوباتی 2024 ئەلبوومی ڤیدیۆیی "This Is Me... Now" بڵاوکردەوە.
 
لۆپێز پێشتر رایگەیاندبووە، گەڕانەوە بۆ لای بێن ئێفلیک و پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەگەڵی، ئیلهامبەخش بووە بۆ ئەلبوومەکەی.
 
ئەو گۆرانیبێژە لە 2002 تاوەکو 2004 پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ بێن ئێفلیک، ئەکتەر و دەرهێنەری ئەمریکی هەبوو و لە 2021 دووبارە پەیوەندییان دروستکردەوە و ژیانی هاوژینییان پێکهێنا.
 
لۆپێز، زیاتر لە 80 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی فرۆشراون و چوار گۆرانیی لە لیستی سەت گۆرانیی "بیلبۆرد هۆت"ـدا هەیە.
 
ئەو هونەرمەند یەکێک لە گۆرانییەکانی نێو ئەلبوومەکەی بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ 
بەر لە بڵاوکردنەوەی ئەلبوومەکە بەناوی "Can't Get Enough" بڵاوکردەوە، جگە لە گۆرانیگوتن، چەندین سەمای تایبەت لەخۆدەگرێت.
 
لۆپێز، لە پەخشێکی راستەوخۆدا لە یوتیوب لەبارەی بەرهەمەکەوە رایگەیاندبوو، ئەو حەزی لە گۆرانی خۆشەویستییە، بەڵام پێویستی بە شتێکە کە بتوانێت ئەنجامی بدات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە