سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لە گرووپی بی تی ئێس دەکات


رووداو دیجیتاڵ

لە کۆشکی سپی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، پێشوازی لە ئەندامانی گرووپی بی تی ئێسی کۆرۆیای باشوور کرد و وێنەی ئەو سەرۆکە لەگەڵ گرووپەکە بڵاوکراوەتەوە.
 
بایدن رۆژی سێشەممە 31-5-2022 بە کاتی ئەمریکا، پێشوازی لە گرووپەکە کرد کە جلوبەرگی رەشیان پۆشیبوو و بۆ دەربڕینی خۆشەویستی دوو پەنجەی دەستیان لەیەکدی داوە و هاوشێوەی دڵ دەردەکەوێت.
 
لە دیدارەکەدا، گرووپی بی تی ئێس گفتوگۆیان لەبارەی تاوانەکانی رق و کینە لە دژی خەڵکی ئاسیا و ئاوێتەبوونی خەڵکی ئاسیا کرد و ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، بەهۆی شێوەیان پێشتر گاڵتەیان پێکراوە.
   
بڵاوکردنەوەی وێنەکە بۆ هەوادارانی ئەو گرووپە سەرنجڕاکێش بوو، نەوەک تەنیا بۆ پێشوازیکردنیان لەلایەن سەرۆکی گەورەترین وڵاتی جیهانەوە، بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشتر بووە، سەرۆکی ئەمریکا بە هەمان شێوەی ئەندامانی گرووپەکە دوو پەنجەی دەستی لەیکدی داوە و خۆشەویستی دەربڕیوە.
 
دەرکەوتنی گرووپەکە لەگەڵ جۆ بایدن، لەگەڵ نزیکبوونەوەی بڵاوکردنەوەی نوێترین ئەلبوومیانە بەناوی 'Proof' کە بڕیارە لە 10-6-2022 بڵاوبکرێتەوە.
 
بی تی ئێس 'BTS' گرووپێکی میوزیکی کۆریای باشوورە، لە حەوت ئەندام پێکهاتووە و لە 2013 لە سیئۆل دامەزراوە، ئەندامانی بریتین لە جین، سوگا، ج-هۆپ، ئاڕ ئێم، جیمین، ڤی و یۆنگکوک.
 
یەکەم ئەلبوومی گرووپەکە لە 2013 بەناوی '2Cool 4 Skool' بڵاوکراوەتەوە، ساڵی دواتر یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی کۆری بەناوی 'Dark & Wild' و یەکەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی ژاپۆنی بەناوی 'Wake Up' بڵاوکردەوە، دووەم ئەلبوومی ستۆدیۆیان بە زمانی ئینگلیزی بەناوی 'Wings' لە 2017 بڵاوکردەوە و لەرێگەیەوە ناوبانگی جیهانیان بەدەستهێنا.
 
بی تی ئێس، یەکەم گرووپی میوزیکی کۆریایە، یەک ملیۆن کۆپی لە ئەلبوومێکیان بفرۆشرێت و یەکەم گرووپی کۆریا بوو لە 2020 لەرێگەی گۆرانی 'Dynamite' بەربەژێری خەڵاتی گرامی بێت.
 
ئەو گرووپە براوەی چەندین خەڵاتی میوزیکین، لەوانە شەش خەڵاتی میوزیکی ئەمریکی و 12 خەڵاتی میوزیکی بیلبۆرد.