جۆنی دێپ لە کۆنسێرتێکدا گیتار دەژەنێت و گۆرانی دەڵێت
رووداو دیجیتاڵ
جۆنی دێپ، ئەکتەری ئەمریکی، لە کۆنسێرتێکدا لە لەندەن بەشداربوو و ئامێری گیتاری ژەنی و گۆرانیی پێشکێشكرد، لە کاتێکدا بڕیارە دادگا دوا بڕیاری خۆی لەبارەی کێشەی نێوان دێپ و ئێمبەر هێرد هاوژینی پێشووی بدات.
ئەو ئەکتەرە لە کۆنسێرتی جێف باک، ژەنیاری گیتاری بەریتانی ئامادەبوو کە دوێنی سێشەممە 31-5-2022 لە هۆڵی رۆیال ئالبێرت بەڕێوەچوو، دێپ لەسەر شانۆ دەرکەوت و لەگەڵ باک میوزیکی ژەنی و گۆرانی پێشکێشکرد، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لەلایەن ئامادەبووانی دیدارە میوزیکییەکە هەبوو.
ئەمە دووەم دەرکەوتنی ئەو دوو هونەرمەندەیە لەسەر شانۆ، لە دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا لە شەفێڵد لە بەریتانیا پێکەوە بینران.
دێپ، بۆ ماوەی 40 خولەک گۆرانی و میوزیکی پێشکێشکرد و یەکێک لەو بەرهەمانەی پێشکێشی کرد، گۆرانیی 'Isolation'ـی جۆن لینۆن بوو.
باک، سەرقاڵی گەشتێکی هونەرییە لە بەریتانیا، بەڵام دیار نییە دێپ لە ماوەی داهاتوودا لە کۆنسێرتی دیکەی ئەو گەشتەدا دەردەکەوێت یاخود نا.
لە دوای شەش هەفتەی دانیشتی دادگا، دەبوو دوێنێ سێشەممە، دادگا بڕیاری خۆی بدات، بەڵام ئەندامانی دادگاییکردنەکە حەوت کەسن و بڕیاریی کۆتاییان نەداوە.
لە دوای جیابوونەوەی جۆنی دێپ، ئەکتەری ئەمریکی و ئێمبەر هێرد، رێکەوتنێک کرا بۆ ئەوەی دێپ بڕی حەوت ملیۆن دۆلاری ئەمریکی ببەخشێتە هێرد و بەبێ کێشە جیاببنەوە، بە مەرجێک هێرد ئەو بڕە پارەیە بۆ کاری خێرخوازی ببەخشێت.
لە 2018 ئەو ئەکتەرە لە بەرنامەی تەلەڤزیۆنی 'RTL Late Night' رایگەیاند، حەوت ملیۆن دۆلارەکەی بەخشیوەتە رێکخراوی 'ACLU' و نەخۆشخانەی منداڵان لە لۆس ئەنجلس.
لە 2020 هێرد، لە بەرامبەر دادوەر لە دادگایەکی بەریتانیا سوێندی خوارد کە ئەو بڕە پارەیەی بەخشیوە.
لە دانیشتی دادگا لەبارەی کێشەی نێوان ئەو دوو هونەرمەندە کە رۆژی دووشەممە 16-5-2022 بەڕێوەچوو، ئێمبەر هێرد رایگەیاند، نەیتوانیوە ئەو بڕە پارەیە ببەخشێت، چونکە دێپ داوایەکی لە دژی ئەو ئاڕاستەی دادگا کردبوو و داوای 50 ملیۆن دۆلاری وەک قەرەبوو لەو کردبوو.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دەیەوێت هەموو پابەندییەکان جێبەجێ بکات، بەڵام دەبێت دێپ واز سکاڵاکردن لە دژی بهێنێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو کارە بکات.
تێرنس دۆگێرتی، سەرۆکی رێکخراوی 'ACLU' رایگەیاند، تاوەکو ئێستا تەنیا بڕی 1.3 ملیۆن دۆلار لەلایەن هێرد بە رێکخراوەکەیان بەخشراوە.
جۆنی دێپ، پێشتر داوای 50 ملیۆن دۆلار قەرەبووی کردبوو، لە دوای ئەوەی هێرد وتارێکی بڵاوکردبووەوە و خۆی بە قوربانی تووندوتیژی خێزانی ناساندبوو، بەڵام ئاماژەی بەناوی دێپ نەکردبوو، دێپیش لەو داواکارییەدا لە دادگا سەرکەوتوو نەبوو.
لە نێوەڕاستی مانگی نیسانی رابردووەوە، لە دادگای فێرجینیای ئەمریکا، دێپ و هێرد ئامادە دەبن، لە دوای ئەوەی هێرد داوای 100 ملیۆن دۆلار قەرەبووی لە دێپ کردووە، دێپیش لەلای خۆیەوە داوای 50 ملیۆن دۆلار قەرەبووی بەهۆی ناوزڕاندنیەوە کردووە.
هێرد، پێشتر تۆمەتی دەستدرێژی و توندوتیژی خستەبوو پاڵ دێپ، بەڵام دێپ بە بەردەوامی ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەو لە ژیانیدا تەندوتیژی بەرامبەر بە هیچ ئافرەتێک نەکردووە، لە بەرامبەردا، ئەو هەمان تۆمەتی خستووتە پاڵ هێرد.
کریس رۆک، ئەکتەری کۆمێدی بەم دواییە هێرشی کرد سەر ئەمبێر هێرد و رایگەیاند، بڕوا بە هەموو ژنێک بکەن، تەنیا ئەمبێر هێرد نەبێت.
رۆک، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، هێرد پێشتر دانی بەوە ناوە لە شوێنی خەوتنی لەگەڵ دێپ، پیسایی بە خۆیدا کردووە.
لە 28-4-2022 ستارلینگ جێنگینز، شوفێری پێشووی دێپ لە دادگا ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو، لە دوای شەرێک لە نێوان ئێمبەر هێرد و جۆنی دێپ، هێرد بەوی راگەیاند، سوپرایزێکی بۆ دێپ لە شوێنی خەوتنی جێهێشتووە، دواتر دەرکەوت ئەو سوپرایزە پیسایی خۆی بووە.
بەم دواییە ئیڤا گرین، ئەکتەری فەرەنسی، پشتگیری لە جۆنی دێپ، ئەکتەری ئەمریکی کرد و لە
پۆستێکی لە هەژماری تایبەتی لە ئینستگرام بڵاوکردووەتەوە و جگە لە بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆی و دێپ، بە بڕوای ئەو، لە دوای کۆتاییهاتنی دانیشتنی دادگا لە دادگای ڤێرجینیا، ژیانی ئەکتەری سەرەکی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Pirates of the Caribbean' باشتر دەبێت.
لە پۆستەکەی گریندا هاتووە، هیچ گومانێک نییە جۆنی بە ناوە باشەکەی و دڵە نایابەکەیەوە دێتە دەرەوە و ژیانی لە جاران باشتر دەبێت بۆ خۆی و ماڵباتەکەی.
کامیل ڤاسکێز، پارێزەری جۆنی دێپ، پێگەی ئەو ئەکتەرەی لە دادگا لە دژی ئێمبەر هێرد بەهێزتر کردووە و چەند جارێک هێردی خستووەتە دۆخێکی سەخت.
ئەو پارێزەرە لە دانیشتی دادگا بە ئاڕاستەکردنی چەند پرسیارێک لە ئێمبەر هێرد، ئەکتەری سینەمایی و هاوژینی پێشووی دێپ، توانی بیخاتە دۆخێکی لاوازاوە، لەبەرامبەردا پێگەی دێپ بەهێزتر بکات.
ئەو پارێزەرە کاتێک لە هێردی پرسی، هەستی بەوە کردووە دێپ لە دانیشتنی دادگا سەیری چاوەکانی کردبێت، لە بەرامبەردا هیرد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، هەستی پێنەکردووە.
ڤاسکێز، لە وەڵامدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، هۆکارەکەی ئەوەیە، دێپ بەڵێنی پێدابوو چاوەکانی نەبینێتەوە، هەروەها تۆمارێکی لە دانیشتنی دادگا خستەڕوو، تێیدا هێرد بۆ ماڵئاواییکردن لە دێپ دەپاڕێتەوە باوەشی پێدا بکات، بەڵام ئەو رازی نابێت و پێی دەڵێت، لە ئەمڕۆوە جارێکی دیکە چاوەکانی نابینێتەوە، پارێزەرەکەی دەڵێت، بەمە دێپ تاوەکو ئێستا خاوەن بەڵێنی خۆی بووە.
ئەو پارێزەرە بە لێهاتوویی خۆی، بە وردی لە زانیارییەکان دەکۆڵێتەوە و ئەوەی ئاشکرا کرد کە هێرد ئەو حەوت ملیۆن دۆلارەی بڕیاربوو بیبەخشێت، تاوەکو ئێستا بەشێکی کەمی بەخشیوە، لە کاتێکدا پێشتر لە دانیشتنیکی دادگا لە بەریتانیا و لە میدیاکاندا ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو، ئەو تەواوی پارەکەی بەخشیوە، ئەمەش شکستێکی دیکەی هێرد بوو و لە دادگا رووبەڕووی کرایەوە.
لە بەرامبەردا هێرد، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەهۆی داواکاری دێپ بۆ قەرەبووکردنەوەی بە 50 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، نەیتوانیوە ئەو بڕە پارەیە ببەخشێت.
ئێمبەر هێرد، پێشتر رایگەیاندبوو، دێپ هێرشی کردووەتە سەری و رووخساری شێواندووە، بەڵام پارێزەرە چەند وێنەیەکی هێردی خستەڕوو کە لە دوای ئەو لێدوانەی بڵاوبوونەوەتەوە و هیچ ئاسەوارێکی لێدان و برین بە رووخساریەوە دیار نییە.
هەموو ئەمانە وایکردووە هێرد بکەوێتە پێگەیەکی لاواز و پێگەی دێپیش لە دادگا بەهێزتر بێت.
ئەو دوو ئەکتەرە سینەماییە لە 2009 لە فیلمی سینەمایی 'The Rum Diary' یەکدیان ناسی و لەم بەرهەمەدا رۆڵی گێڕاوە، لە 2015 ژیانی هاوژینیان پێکهێنا و لە 2017 جیابوونەوە.
جۆنی دێپ، لە 9-7-1963 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر، نیگارکێش و میوزسیانە، یەکێک لە ناسراوترین ئەکتەرەکانی جیهانە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و خەڵاتی سەندیکای ئەکتەرانی شاشە، هەروەها بۆ سێ خەڵاتی ئۆسکار و دوو خەڵاتی بافتا بەربژێرکراوە.
یەکەم دەرکەوتنی ئەو ئەکتەرە لەرێگەی فیلمی 'Elm Street' بوو لە 1984، دواتر لە زنجیرەی '21 Jump Street' رۆڵی گێراوە و لە 1987 تاوەکو 1990 بەردەوام بوو و هۆکاری بەناوبانگبوونی بوو.
لە نەوەدەکاندا زیاتر لە فیلمە سەربەخۆکاندا رۆڵی گێڕاوە، لەوانە فیلمی ' What's Eating Gilbert Grape' و فیلمی 'Benny and Joon' لە 1993، دواتریش لە فیلمی 'Dead Man' لە 1995، هەروەها لە فیلمی 'Donnie Briscoe' لە 1997 و 'Loathing in Las Vegas' لە 1998.
فیلمەکانی ئەو ئەکتەرە پڕداهاتن، کۆی داهاتی فیلمەکانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 3.7 ملیار دۆلار بووە، بە گشتی لە سینەماکانی جیهانیشدا 10 ملیار دۆلار بووە، لە 2012 بەهۆی وەرگرتنی زۆرترین کرێ بۆ فیلمەکانی، ناوی لە کتێبی گینس تۆمارکرا.
ناوبانگی جیهانی ئەو ئەکتەرە لە رێگەی کارەکتەری کاپتن جاک سپارۆ بوو لە زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Pirates of the Caribbean' کە لە چوار بەشیدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و بە یەکێک لە بەرهەمە پڕداهاتەکان لە مێژووی سینەمادا دەناسرێت.
ئێمبەر هێرد، لە 22-4-1986 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر و چالاکوانە، لەرێگەی فیلمی 'Never Back Down'لە 2008، 'Drive Angry' و 'The Rum Diary' لە 2011 و 'Aquaman' لە 2018 ناوبانگی پەیداکرد.