لە مۆسکۆ هەڵپەڕکێی کوردی لە ئاستی سەما جیهانییەکاندا پێشکێش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی گرووپی سەما و هەڵپەڕکێی رووسی مێڕۆنینکۆ، هەڵپەڕکێی کوردی لە 19یەمین ئۆڵمپیادی سەما جیهانییەکان پێشکێشکرد و لە بەشی دوو سەماکاردا، خەڵاتی دووەمی بەدەستهێنا، بڕیاردرا لە پێشبڕکێی سەما جیهانییەکانیشدا بەشدار بێت. 
 
د. دانەر ئەبوبەکر، کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی رۆژی شەممە 29ـی نیسانی 2023، گرووپی سەما و هەڵپەڕکێی رووسی مێڕۆنینکۆ، هەڵپەڕکێی کوردی لە 19یەمین ئۆڵمپیادی سەما جیهانییەکان لە بەشی نەتەوە رۆژهەڵاتییەکاندا پێشکێشکرد و لە بەشی دوو سەماکاردا، خەڵاتی دووەمی بەدەستهێنا، رێکخەرانی چالاکییەکە بڕیاریاندا هەڵپەڕکێی کوردی لە بەشی سەما جیهانییەکاندا پێشکێش بکرێت. 
 
19یەمین ئۆڵمپیادی سەما جیهانییەکان رۆژی شەممە 29ـی نیسانی 2023 دەستیپێکرد کە لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە وەک رۆژی سەمای جیهانی دیاریکراوە و تاوەکو 9ـی ئایاری 2023 بەردەوام دەبێت و یەکەم رۆژی تایبەت بە سەما و هەڵپەڕکێ رۆژهەڵاتییەکان بوو.
 
بۆ ناساندنی هەڵپەڕکێی کوردی و وەرگرتنی خەڵاتەکە، د. دانەر ئەبوبەکر، کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا، دیاریی و پیرۆزبای گەرمی ئاڕاستەی لیلی میرۆنۆڤ، راهێنەری رووسی و هاوکارانی و هەردوو بەشداربووی سەرکەتووی ئۆڵمپیادی سەما جیهانییەکان نەدێژدە و ماریا کرد. 
 
‎د. دانەر ئەبوبەکر، پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، نوێنەرایەتی حکومەت لە رووسیا بەردەوام پاڵپشتی ئەو بیرۆکە کولتوورییانە دەکات کە زیاتر کولتووری کوردی بە دنیا دەناسێنن و لە پاڵ کولتووری وڵاتان لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا پێشکێش دەکرێن، هەر بۆ ئەم مەبەستەش چەندین پڕۆژەی کولتووری و کاروباری نەتەوەیی گەڵاڵەکراون و چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی تواناکانی نوێنەرایەتین بۆ جێبەجێکردنیان.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، گرووپی مێڕۆنینکۆ ساڵانێکە کار بۆ ناساندنی سەما و هەڵپڕکێی کوردی دەکات و ئەمساڵ بە هەڵپەڕکێی کوردی لە 19مین ئۆلمپیادی سەمای جیهانی بەشداربوو، نوێنەرایەتییەکەیان لە رووی دابینکردنی جلوبەرگ و هەندێ کەرستەوە هاوکاریان بووە. روونیشیکردەوە، لە نەورۆزی ئەمساڵ، گرووپی هەڵپەڕکێی دهۆک، لە ئاهەنگی نەورۆز لە مۆسکۆی رووسیا بەشداربوون و سەما و هەڵپەڕکێی کوردییان پێشکێشکرد.
 
رووسیا یەکێک لە بەهێزترین وڵاتانی جیهانە لە هونەری سەما و هەڵپەڕکێدا و لە پێشبڕکێ و فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە سەما و هەڵپەڕکێ؛ ئامادەبوونێکی بەهێزی هەیە و خەڵات بەدەست دێنێت.