نهێنی ژنان و پیاوان لە کتێبکدا بە کوردی و عەرەبی بڵاودەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

'نهێنییەکانی پیاوان.. پێویستە هەموو ژنێک بیزانێت، نهێنییەکانی ژنان.. پێویستە هەموو پیاوێک بیزانێت'، کتێبکی نوێی زانا خەلیل، نووسەر و وەرگێڕە بە زمانی کوردی و عەرەبی و بەم دواییە کەوتە بەر دیدی خوێنەران.
 
زانا خەلیل، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کتێبەکە حیکمەت و ئەفۆریزمی فەیلەسوف و بیرمەند و نووسەران لەبارەی ژن و پیاوانەوە لەخۆدەگرێت، بە چەند رستەیەکی کورت بۆچوونی تەواوی خۆیان لەبارەیانەوە دەربڕیوە. گوتیشی: "کتێبەکە دوو بەشە، بەشێکی حیکمەتی فەیلەسوفانە لەبارەی پیاوانەوە، بەشەکەی دیکەیشی لەبارەی ژنانە".
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کتێبەکە بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردییە، سەرەتا تێکستەکانی لە زمانی عەرەبییەوە هەڵبژاردووە و کوردوویەتی بە کوردی و لە کتێبەکەدا لە ژێر تێکستە عەرەبییەکاندا، وەرگێڕانە کوردییەکەی دانراوە.
 
'نهێنییەکانی پیاوان.. پێویستە هەموو ژنێک بیزانێت، نهێنییەکانی ژنان.. پێویستە هەموو پیاوێک بیزانێت' لەلایەن خانەی کلتوور، لە 170 لاپەڕەی قەبارە مامناوەندا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
 
زانا خەلیل، شاعیر و رۆمانووسە، لە پاڵ چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمە ئەدەبییەکانی، چەند بەرهەمێکی لە زمانی عەرەبییەوە کردووەتە کوردی.