ئەنجلینا جولی سەردانی ئۆکراینای کرد

رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی شەممە 30-4-2022، ئەنجلینا جولی، ئەستێرەی بەناوبانگی هۆڵیوود، سەردانی شاری لڤیڤی رۆژاوای ئۆکراینای کرد و چاوی بە ژمارەیەک ئاوارەی ئۆکراینا کەوت. 
 
ئەنجلینا جولی نێردراوێکی تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەڵام نازانرێت بە ناوی رێکخراوەکە سەردانەکەی کردووە، یان سەردانێکی سەربەخۆیە.
 
ماکسیم کۆزیتسکی، سەرۆکشارەوانیی لڤیڤ دەڵێت: "ئەم سەردانە بۆ هەموومان کتوپڕ بوو". هاوکات لە پەڕەی تێلێگرامی تایبەت بەخۆی، چەند وێنە و ڤیدیۆی خانمە ئەکتەرەکەی بڵاوکردووەتەوە، کە یاریی لەگەڵ منداڵان دەکات و لەگەڵ خۆبەخشەکان دەردەکەوێت.
 
لە گەشتەکەیدا بۆ ئۆکراینا، ئەنجلینا جولی سەردانی ژمارەیەک منداڵی کرد لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری لڤیڤ، کە لە هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر کراماتۆرسک بریندار ببوون؛ بە گوتەی سەرۆکشارەوانیی لڤیڤ 50 هاوڵاتی لەو هێرشەدا گیانیان لەدەستداوە.
 
سەرۆکشارەوانیی لڤیڤ دەڵێت، هەمان رۆژ ئەنجلینا سەردانی قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە شاری لڤیڤ کردووە و لەگەڵ منداڵان وێنەی گرتووە و یاری لەگەڵ کردوون. 
 
جولی لە گەشتەکەیدا گفتوگۆی لەگەڵ خۆبەخشان کرد و هەوڵی هێورکردنەوەی دەروونی ئاوارەکانی دا، کە ناوچەکانی خۆیانیان بەجێهێشتووە و ئێستا لە شاری لڤیڤ نیشتەجێن. دواتر ئەستێرەکەی هۆڵیود لە کافتریایەکی شاری لڤیڤ دەرکەوت، کە ڤیدیۆکەی لەلایەن هاووڵاتییەکی دانیشتووی لڤیڤ لە فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە.
 
ئەم گەشتەی ئەنجلینا جوولی لە کاتێکدایە، لە 24ی شووباتی ئەمساڵەوە سوپای رووسیا هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراینا و تاوەکو ئێستا جەنگ لە نێو ئەو وڵاتە بەردەوامە. بۆردوومان و تۆپبارانەکان لەسەر چەند ناوچە و شارێکی ئۆکراینا بەردەوامە، بە گوتەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکو ئێستا نزیکەی 2900 کەسی سڤیل لە ئۆکراینا کوژراون.
 
هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بەهۆی جەنگەوە زیاتر لە حەوت ملیۆن و 700 هەزار هاووڵاتی ئاوارە بوون  و زیاتر لە 5 ملیۆن و 500 هەزار ئۆکراینیش بوونەتە پەنابەر.