رووداو دیجیتال
کۆمپانیای رامس گڵۆباڵ بۆ ناساندنی پڕۆژەی (پاڤیلیۆن بای رامس) لە هەولێر، نانسی عەجرەم، هونەرمەندی بەنێوبانگی لوبنانی بانگهێشت دەکات و کۆنسێرتێکی گەورەی بۆ ساز دەکات. بڕیارە کۆنسێرتەکە رۆژی 17ـی نیسانی 2025، هاوکات لەگەڵ کردنەوەی فەرمی پڕۆژەکە ساز بکرێت.
ئێستا ئامادەکارییەکان بۆ کۆنسێرتەکە بەردەوامن، هاوکات جگە لە نانسی عەجرەم، گرووپی سەما و نمایشی (ئانادۆڵۆ ئاتێشێ) کە بە "گەورەترین گرووپی سەما لە تورکیا و یەکێک لە ناسراوترین گرووپەکانی جیهان دادەنرێت"، بانگهێشتی هەولێر کراون، نمایشی ناوازە لە رێوڕەسمەکە پێشکێش دەکەن.
پڕۆژەی (پاڤیلیۆن بای رامس) کە لەلایەن کۆمپانیای رامس گڵۆباڵەوە جێبەجێ دەکرێت، بە "شاهانەترین پڕۆژەی نیشتەجێبوون" لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق ناودەبرێت. پڕۆژەکە تەنیا یەکەی نیشتەجێبوون نییە، بەڵکو چەندین خزمەتگوزاری گرنگ لەخۆدەگرێت، وەکو: دەریاچەیەکی دەستکرد بە رووبەری 300 هەزار مەتر دووجا کە بەشدار دەبێت لە کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە، کتێبخانە، شانۆ، قوتابخانە، گەورەترین ناوەندی وەرزشی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ناوەندی زانست و زانیاری، مۆڵ و سینەما.
رامس گڵۆباڵ جەخت لەوەش دەکاتەوە کە پڕۆژەکە "لەژێر چاودێرییەکی ئەمنیی ورد دا دەبێت و دەرگاکانی بۆ تەواوی خەڵکی شاری هەولێر کراوە دەبێت. هەروەها ئاماژە بە "تەلارسازی ناوازە و ژینگەدۆستی پڕۆژەکە" دەدرێت وەک دەرفەتێکی تایبەت بۆ کڕیاران.
کۆمپانیای رامس گڵۆباڵ خاوەنی مێژوویەکی 37 ساڵەیە و لە 7 کەرتی جیاوازدا کاردەکات، بەتایبەت لە بواری خانووبەرە و بیناسازیدا پێشەنگە.
کۆمپانیاکە کە لە تورکیا دامەزراوە، لە شەش وڵاتی جیهان و 11 پارێزگای جیاوازدا کار دەکات و وەبەرهێنانی لە کەرتەکانی گەشتوگوزار، تەندروستی، کانزا، مۆبیلیات، خواردن و خواردنەوە و ئۆفیسی هاوبەشیشدا کردووە.
بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیاکە، "زیاتر لە 25 هەزار کارمەندی هەیە و نزیکەی 100 پڕۆژەی لەسەر رووبەری شەش ملیۆن مەتر دووجا لە سەرانسەری جیهاندا جێبەجێ کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ