مارتن سکورسێزی دوای 40 ساڵ بە فیلمێک دەگەڕێتەوە کان
رووداو دیجیتاڵ
فیلمی نوێی مارتن سکۆرسێزی، دەرهێنەری ئەمریکی بەناوی 'Killers of the flowers moon' لە 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان بەشدارە کە بڕیارە چالاکییەکانی لە ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
لەم بەرهەمە سینەماییەدا لیۆناردۆ دیکاپریۆ و رۆبێرت دینیرۆ، هەردوو ئەستێرەی سینەمای هۆلیوود و جیهان رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێرن، بودجەی بەرهەمهێنانی 200 ملیۆن دۆلارە و بەرهەمی پلاتفۆڕمی نێتفلێکسە.
40 ساڵ بەسەر دوایین بەشداربوونی سکۆرسێزی لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی فیلمی کاندا تێدەپەڕێت کە لە رێگەی فیلمی 'After Hours' لە 1986 بوو.
'Killers of the flowers moon' رووداوەکانی لە ئۆکلاهۆما لە بیستەکانی سەدەی رابردوو روودەدەن و تیشک دەخاتە سەر ژمارەیەک تاوان و ئەو سەردەمە بە "سەردەمی تیرۆر" ناسراوە.
سکۆرسیزی مێژوویەکی دوورودرێژی لەگەڵ کان هەیە، لە 1979 لە رێگەی فیلمی 'Taxi Driver' خەڵاتی چڵەخورمای زێڕێنی بەدەستهێناوە، دوای 10 ساڵ، خەڵاتی باشترین دەرهێنەری لە رێگەی فیلمی 'After Hours' لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا.
سکۆرسیزی، لە 1998 وەک سەرۆکی لیژنەی دادوەری لە فێستیڤاڵەکەدا کاری کردووە و لەو ساڵەدا فیلمی 'Eternity and a Day' بووە براوەی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕینی فێستیڤاڵەکە.
لەلایکی دیکەوە بڕیارە بەشی نوێی زنجیرە فیلمی 'Indiana Jones' بەناوی 'Indiana Jones and the Dial of Destiny' لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان کان پێشاندەدرێت و یەکەم نمایشی جیهانیی دەبێت.
چالاکییەکانی فێستیڤاڵی فیلمی کان، لە 16 بۆ 27 ئایاری 2023 لە شاری کانی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت و بە یەکێک لە گرنگترین فێستیڤاڵەکانی فیلم لە جیهاندا دەناسرێت.
جگە لەم بەرهەمە، پێشتر بەشی چوارەمی ئەو زنجیرە فیلمە بەناوی 'Indiana Jones and the Kingdom of the Crystal Skull' لە 2008 یەکەم پێشاندانی لە فێستیڤاڵی فیلمی کان بوو و بۆ ماوەی چوار خولەک چەپڵەی بۆ لێدرا.
بڕیارە بەشی پێنجەمی فیلمەکە لە 30 حوزەیرانی 2023 لە سینەماکانی ئەمریکا و 28 هەمان مانگ لە سینەماکانی فەرەنسا پێشاندەدرێت.
بڵاوکردنەوەی بەشی پێنجەمی 'Indiana Jones' لە دوای تێپەڕبوونی 15 ساڵ بەسەر دوایین بەشیدا و چوار دەیە بەسەر یەکەم بەشیدا تێدەپڕێت کە لە 1981 بڵاوکرایەوە.
فێستیڤاڵی فیلمی کان لە 1946 دامەزراوە، تاوەکو 2003 بە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما دەناسرا و ساڵانە لە مانگی ئایار لە شاری کانی باشووری فەرەنسا سازدەکرێت.
کان، بە یەکێک لە سێ فێستیڤاڵە گرنگەکانی سینەما لە ئەوروپا دەناسرێت، لە پاڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ئیتاڵیا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، هەروەها بە یەکێک لە پێنج گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانسی ئەمریکا.
فێستیڤاڵەکە چەندین بەش لەخۆدەگرێت، لەوانە بەشی پێشبڕکێ و هەفتەی رەخنەگران و چەندین خەڵاتیش دەبەخشێتە فیلم و فیلمسازان، خەڵاتی سەرەکی فێستیڤاڵیش چڵەخورمای زێڕینە.
سینەمەکارانی کورد بە فیلمەکانیان لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربوونە، بەڵام تەنیا یەڵماز گونەی، دەرهێنەری کورد، لە 1982 توانی ببێتە براوی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕین.
هەروەها شەهرام عەلیدی، دەرهێنەری کورد، پێشتر لەرێگەی فیلمی سینەمایی 'سرتە لەگەڵ با' لەبارەی کارەساتی ئەنفال، سێ خەڵاتی لە بەشی رەخنەگران لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا.