قادر ئەسعەد درێژترین حەیران و لاوکی لەبارەی گەڕەکی تەیراوە بڵاوکردەوە

رووداو-هەولێر

قادر ئەسعەد، هونەرمەندی دیاری کورد، نوێترین بەرهەمی خۆی بەشێوەی لاوک و حەیران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوبی خۆی بڵاوکردەوە، کە ماوەکەی 47 خولەک و 22 چرکەیە، ئەمەش بە درێژترین لاوک و حەیران دادەنرێت.
 
لەمبارەیەوە قادر ئەسعەد بەرووداوی راگەیاند" وەك وەفاو دڵسۆزیم بۆ ئەو گەڕەكەی تێیدا لەدایكبووم و هەموو تەمەنی منداڵی و هەرزەكاریم تێیدا بەسەربردووە، لاوک و حەیرانێکم لەسەر گەڕەکی تەیراوەی هەولێر بڵاوکردووتەوە، کە باس لە هەموو لایەنەکانی ئەم گەڕەکە دەکات، هەروەها لەرێگەی ئەم بەرهەمەوە خەڵكی بە كوچە و كۆڵانەكانی گەڕەكی تەیراوە دەناسێنێت".
 
فەرهەنگ غەفوور، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری هەولێری لەبارەی  هونەرمەند قادر ئەسعەد دەڵێت" حەیران و لاوک و فۆرمەکانی دیکەی میوزیک لەناو ئەدەبی کوردییدا، تەواوکەری ئەدەبی زارەکین، بۆ پاراستن و زیندووهێشتنەوەی بەسەرهات و روودا و کارەساتەکان، کە لە مێژوودا بەسەر کورد هێندراون، ئەو بەرهەمەی هونەرمەند قادر ئەسعەدیش کە بەشێوەی لاوک و حەیران بڵاو کراوەتەوە، دەچێتە چوارچێوەی ئەو هەوڵە و دەستخۆشیی لێ دەکەم و بەرهەمەکەی بە هەنگاوێکی باش دەبینم". 
 
فەرهەنگ غەفوور دەشڵێت "گەڕەکی تەیراوە لە هەولێردا هەر لە کۆنەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، خاڵێکی زۆر ئیجابی و جوان بووە، رۆڵی گەورەی لە پێشخستنی فکری و ئەدەبی و رێکخراوەیی و سەربازیی و ئەکادیمی و هونەرییدا هەبووە و هەیە، بەو پێیەی زۆر لە کەسە دیارەکانی ئەو بوارانە لە هەولێر، لە تەیراوە پێگەیشتوون، بۆیە ئەم بەرهەمەی کاک قادر ئەسعەد تایبەتمەندیی خۆی هەیە و بۆ ئێمە جێی دڵخۆشی و دەستخۆشییە".
 
قادر ئەسعەد دەربارەی ناوەڕۆکی ئەم بەرهەمە گوتی" لاوک و حەیرانی تەیراوە، لە نووسین و ئامادەکردنی خۆمە، نەجمەدین بابەکر ئامێری کەمانی ژەنیوە، سەفەر عەلی بە ئامێری جەمبوش ، ئازاد خەیلانی بە ئامێری شمشاڵ، یونس باڵەبان بە ئامێری باڵەبان و دلێر بە ئامێری عود بەشداریان لەم بەرهەمدا کردووە".
 
قادر ئەسعەد لەدایکبووی ٤ی نیسانی 1967لە ھەولێرە، گۆرانیبێژ و گۆرانینووسی کوردە. لە ساڵی 1985دەستی بەکاری هونەری کردووە،یەکەمین ئەلبوومی خۆی بەناوی ژاڵە لە هەمان ساڵدا بڵاوکردووتەوە، لە ساڵی 1988بەشی دووەمی ئەلبوومی ژاڵەی بڵاوکردووەتەوە،  قادر ئەسعەد لە 1991ئەلبوومێکی دیکەی بەناوی قادر ئەسعەد کە لە 10تراک پێکھاتبوو بڵاوکردەوە.  بەھۆی شەڕی براکوژی و بارودۆخی تایبەتی عێراق بۆ وڵاتی سوێد کۆچدەکات و تاوەکو ئێستا لە سوێد دەژیت.