دونیا گوفتاری بۆ (رووداو): حەزدەكەم لەگەڵ بەهمەن قوبادی كاربكەم

رووداو- سلێمانی

دونیا گوفتاری، ژنە ئەكتەرێكی كوردی خەڵكی سنەیە لە رۆژهەڵاتی كوردستان، تەمەنی 28 ساڵە و نزیكەی 15 ساڵە كاری هونەری دەكات. بەشداری چەندین شانۆ و كورتە فیلم و  فیلمی درێژ و زنجیرە درامای كردووە و چەندین خەڵاتی لە فێستیڤاڵەكاندا وەرگرتووە. لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) زانیاری زیاتر سەبارەت بەكارەكانی باس دەكات.

رووداو: لە كەیەوە سەرقاڵی كاری هونەریت؟

دونیا گوفتاری: لە تەمەنی دوانزە ساڵییەوە دەستم پێكردووە و پانزە ساڵیشە بەردەوامم.

رووداو: دەستكردنت بە كاری هونەری بەشێوەی ئەكادیمی بوو؟

دونیا گوفتاری: نەخێر، بكالۆریۆسم لە ئەندازیاریی كۆمپیوتەردا لە زانكۆی ئازادی شاری تاران وەرگرتووە. خۆم حەزم لێبوو بەشێوەیەكی ئەكادیمی هونەر بخوێنم، بەڵام بەداخەوە لێرە ناتوانی بە هونەرەكەت بژیت، بۆیە دەبێ‌ لە پاڵ هونەرەكەت كارێكی دیكە بكەی.

رووداو: خوێندنی ئەندازیاری بە خواستی خۆت بوو؟

دونیا گوفتاری: لەبەرئەوەی نمرەكەم بەرز بوو، چوومە ئەو كۆلێژە و بەدڵیشم بوو، بەڵام لەڕاستیدا حەزیشم دەكرد لە بوارەكەی خۆمدا بە ئەكادیمی بخوێنم، بەنیازم لە داهاتوودا بە ئەكادیمی لە هونەردا بخوێنم.

رووداو: لە شانۆ و كورتەفیلم و دراما و فیلمی سینەماییشدا بەشداریت كردووە، خۆت لە كامیاندا دەبینیتەوە و پێتوایە لە كامیاندا سەركەوتوویت؟

دونیا گوفتاری: زیاتر حەزم لە شانۆیە، چونكە هەست دەكەم لەو بوارەدا زیاتر دەتوانم توانا و هەستەكانم دەربخەم، دواتریش سینەما.

رووداو: دەڵێن دونیا گوفتاری زۆر حەزی لە بینینی رۆڵی دووبارە نییە و بەردەوام حەزی لە رۆڵی جیاوازە؟

دونیا گوفتاری: بەڵێ حەزم لەوەیە رۆڵەكانم جیاواز و سەخت بن، چونكە بەو شێوەیە كاری پڕۆفیشناڵ دروست دەبێت، كاتێك ئەكتەر توانای بینینی رۆڵی جیاوازی هەبێت، دەتوانێ داهێنانی زیاتر بكات.

رووداو: ساڵانە لە چەند كاردا بەشدار دەبیت؟

دونیا گوفتاری: دەمەوێت ئەو كارانەی دەیانكەم زۆر باش بن، ئەوەش بەپێی هەڵبژاردنی كارەكان دەبن.

رووداو: پێتوایە ئەكتەری باش دەبێت چۆن بێت؟

دونیا گوفتاری: وەك گوتم رۆڵی جیاواز ببینێ و ئەخلاقی هونەریی هەبێت، واتە لەڕووی خوڕەوشت و ئەدەبەوە رەفتاری جوان بكات، لەبەرئەوەی ئەو كەسە دەبێتە كەسێكی ناسراو، پاشان ئەكتەر تەحەمولی كارەكەشی هەبێت.


رووداو: پێتخۆشە لەگەڵ چ دەرهێنەرێك كار بكەیت؟

دونیا گوفتاری: لەگەڵ بەهمەن قوبادی.

رووداو: ئاشنایەتیت لەگەڵا هونەرمەندانی هەرێمی كوردستان هەیە؟

دونیا گوفتاری: هەرچەندە سەردانی هەولێر و سلێمانیم كردووە، بەڵام ئاشنایەتیم لەگەڵ هونەرمەندانی ئەوێ نییە و حەزیش دەكەم پەیوەندیمان هەبێت؟

رووداو: شووت كردووە؟

دونیا گوفتاری: بەڵێ ماوەی حەوت ساڵە شووم كردووە، هاوژینەكەم فەرمانبەری وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامییە و زۆریش هاوكاریم دەكات.

رووداو: ئەكتەرە ژنەكانی كورد ئامادەنین رۆڵ لە فیلمێكدا ببینن كە ماچ و باوەش و خەوتن لەگەڵ پیاوانی تێدابێت، تۆ ئامادەیت ئەو رۆڵانە ببینی؟

دونیا گوفتاری: ئەگەر خۆم بە ئەكتەر بزانم دەبێت ئاسایی بێت، بەڵام لەئێران كاری وا ناكرێت. ئەگەر لەدەرەوەی ئێران بێت ئاساییە.

رووداو: بە چ ئەكتەرێكی هەرێمی كوردستان سەرسامیت؟

دونیا گوفتاری: سەرسامم بە شوان عەتوف، كارەكانیم بینیوە و پێمخۆشە كاری لەگەڵ بكەم، بەڵام تائێستا ئاشنایەتیم لەگەڵی نییە.

رووداو: دوایین كارت چییە؟

دونیا گوفتاری: فیلمێكی سینەماییە و من تێیدا رۆڵی ژنێك دەبینم كە خیانەت لە هاوژینەكەی دەكات و پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ هاوڕێی مێردەكەی دەبەستێ كە كەسێكی بەناوبانگە، شەوێك كە ژنەكەی لە ماڵەوە نییە، لەگەڵیدا دەڕۆمە ماڵی خۆیان، لە ماڵەوەش دزێك هەیە و بەو هۆیەوە ئاشكرا دەبین، بەڵام پیاوەكە و دزەكە بۆ ئاشكرانەبوونیان ناوێرن سكاڵا لە دژی یەكدی تۆمار بكەن، نامەوێت وردەكاریی زیاتر ئاشكرا بكەم لەبەرئەوەی لە دوو مانگی داهاتوودا فیلمەكە لە سینەماكانی ئێران نمایش دەكرێ‌.