لە هەولێر پێشاندانی تایبەتی فیلمی 'ژان'ـی ماهیر حەسەن بەڕێوەچوو

رووداو دیجیتاڵ

لە هەولێر پێشاندانی تایبەتی کورتە فیلمی 'ژان' بە رۆڵگێڕان و ئامادەبوونی ماهیر حەسەن، ئەکتەری ناسراوی کورد بەڕێوەچوو و بڕیارە لە ماوەی داهاتوو، پێشاندانی بۆ هۆگرانی فیلم دەستپێبکات.
   
پێشاندانی ئەم بەرهەمە لە ماوەی داهاتوودا لە هۆڵی میدیای دەستپێدەکات و رۆژانە دوو پێشاندانی دەبێت و ماهیر ئەمین کە ئەکتەری سەرەکی و بەرهەمهێنەریەتی لە شوێنی بەڕێوەچوونی پێشاندانی فیلمەکە ئامادە دەبێت.
 
لە پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان و ژمارەیەک لە بەرپرسان، رۆژنامەڤانان، هونەرمەندان و رۆشنبیران ئامادەبوون و بەر لە پێشاندانی فیلەمەک، راپۆرتێکی ڤیدیۆیی لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ماهیر حەسەن پێشاندرا.
 
ماهیر حەسەن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پیشاندانی فیلمی 'ژان' لە ماوەی داهاتوودا لە دوو کاتی جیاواز لە کاژێر 16:00 و 20:00 دەستپێدەکات و هیوای ئەوەشی خواست، وەک چۆن ئەوەی لە هەولێر پێشوازی گەرم لە شانۆیی 'دوا رۆژەکانی بابلۆ' و بەرهەمەکانی دیکە کراوە، بەم گەرموگوڕییە پێشوازی لە فیلمی 'ژان' بکرێت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەگەڵ هونەرمەند و هاوڕێی نزیکی ئەحمەد جۆڵا، رۆاژنە لە پێشاندانی فیلمەکە لە هەولێر ئامادە دەبن.
 
فیلمەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان وێنەگیراوە و پێشتر لە نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک پێشاندراوە و لە دوای پێشاندانی لە سلێمانی، پلانی ئەوە هەیە، جگە لە هەولێر، لە کەرکوک، کەلار، رانیە و چەند شارۆچکەیەک پێشانبدرێت.
 
فیلمەکە لە دەرهێنانی بورهان ئەحمەدی و لەیلا باغ پیرایە و سیناریۆی فیلمەکە هەر لەلایەن لەیلا باغ پیرا ئامادەکراوە و ماهیر حەسەن و بورهان ئەحمەدی بەرهەمهێنەری فیلمەکەن و ماوەکەی 32 خولەکە و 37 چرکەیە.
 
ماهیر حەسەن، پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "'ژان' زۆر شتی لە ناخی مندا جێهیشتووە، بەڕاستی چیرۆکەکە کاری لێم کردووە، نامەوێت قسە لەسەر بیرۆکەی چیرۆکەکە و ناخی چیرۆکەکە بکەم، بە قەد ئەوەی دەمانەوێت بزانین ئەم کارەمان چۆن کردووە".
 
جگە لە ماهیر حەسەن، لەم بەرهەمەدا هەریەک لە هونەرمەندان مائێدە فەزلی، شیما مەلایی، ئەفشین خدری، نیشتمان رەسووڵ نژاد و ئەکرەم محەممەدی بەشدارن.
 
چیرۆکی فیلمەکە باس لە رووداوێکی دەکات کە چەند مانگ لەمەوپێش روویداوە و دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر کچێکی سێزدە ساڵانی بیرکۆڵ، دایک و باوکی تازە پێیان زانیوە، هەوڵدەدەن لەنێوی ببەن، بەڵام چارەنووسیان شتێکی دیکەیە.