رووداو- هەولێر
رێورەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی فێستیڤاڵی فیلمی بەرلینالە بەڕێوەچوو، کە تێدا خەڵاتی ورچی زێڕین بۆ باشترین فیلم بە فیلمێکی ئێرانی بەناوی "There Is No Evil"، کە لە دەرهێنانی محەممەد رەسولۆڤە.
فیلمی There Is No Evil باس لە چوار کەس دەکات، کەوا چاوەڕێی سزای لە سێدارەدان دەکات، ئەم فیلمە لە ئێران بە نهێنی وێنەگیراوە، دەرهێنەری ئەم فیلمە نەیتوانی لە فێستیڤاڵی فیلمی بەرلینالە ئامادە بێت، بەهۆی ئەوەی لە ئێران دەستەسەرکراوەو رێگەی چوونەدەرەوەی لە ئێران پێ نادرێت، بۆیە لە جیاتی ئەو دەرهێنەرە، بارانی کچی خەڵاتەکەی وەرگرت و هاتەسەر ستێج و گوتی" خۆشحاڵم ئەم خەڵاتەم وەرگرتووە، بەڵام لە هەمانکاتدا نیگەرانم چونکە دەرهێنەر خۆی نەیتوانی ئەم خەڵاتە وەربگرێت و لەم فێستیڤاڵە ئامادە بێت".
لە رێورەسمی دابەشکردنی خەڵاتی فێستیڤاڵی فیلمی بەرلینالە، خەڵاتی ورچی زیویی بۆ باشترین دەرهێنەر بە فیلمی کۆری The Woman Who Ranبەخشرا، کە Hong Sangsoo کاری دەرهێنانی بۆ ئەم فیلمە کردووە.
خەڵاتی ورچی زیویی بۆ باشترین خانمە ئەکتەر Paula Beer بەخشرا، کە لە فیلمی Undine رۆڵی سەرەکی گێڕاوەو لە دەرهێنانی Christian Petzold بوو.
خەڵاتی ورچی زیویی بۆ باشترین ئەکتەری پیاو بە Elio Germano بەخشرا، کە لە فیلمی Hidden Away رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، فیلمەکەش لەدەرهێنانی Giorgio Diritti بوو.
خولی ٧٠ مینی فێستیڤاڵی فیلمی بەرلینالە لە رۆژی ٢٠ شوبات دەستیپێکرد، تاوەکو ١ی ئادار بەردەوام بوو، زیاتر لە ٤٣٠ فیلم لەم فێستیڤاڵە نمایشكران و ١٨ فیلم کێبڕکێی وەرگرتنی خەڵاتی ورچی زێڕینی دەکرد، دواجار فیلمێکی ئێرانی ئەم خەڵاتەی بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ