گوڵستان پەروەر: شڤان پەیوەندى لەگەڵ سکرتێرەکەى کەنداڵ نەزان هەبوو

01-03-2018
هیڤیدار زانا
هیڤیدار زانا @hevidarzana1
نیشانەکردن گوڵستان پەروەر شڤان پەروەر
A+ A-
بەشى دوازدەیەم

خانمە هونەرمەندی ناوداری کورد گوڵستان پەروەر، هەموو شەوانێکی شەممە، لە رادیۆی رووداوەوە میوانی پێشکەشکاری ناودار هیڤیدار زانایە. دوو کچە کوردی باکووری لەو بەرنامەیەدا گفتوگۆیەکی سەرنجڕاکێش دەکەن. گوڵستان بەبێ سانسۆر ئەزموونی ژیانی تایبەتی و ژیانی هونەری و سیاسیی خۆی و شڤان پەروەر دەگێڕێتەوە. ئێمە لەبەر گرنگیی ئەو گفتوگۆیە، بە باشمان زانی لە هەفتەنامەی رووداوەوە بە زنجیرە دووبارە بڵاوی بکەینەوە.

گوڵستان پەروەر لەم بەشەدا باسى پەیوەندى سۆزداریى شڤان لەگەڵ کچێک دەکات کە بووە هۆى ئەوەى گوڵستان بە فەرمى لە شڤان جیاببێتەوە و بۆ ماوەى شەش ساڵ پەیوەندیان نەمێنێ.

رووداو: لە ساڵى 2000دا کێشەیەکى کۆمەڵایەتی لە نێوان تۆ و مامۆستا شڤان پەروەر دروست دەبێ، مامۆستا شڤان لە پاریس دڵى دەچێتە سەر کچێک بەناوى رەوشەن. بەهۆیەوە نێوانتان تێکدەچێ، ئەوە راستە؟

گوڵستان: بەڵێ راستە. پێش ئەو کێشەیە ئێمە چووین بۆ لەندەن، سەرخۆبوون ئامادەیى تەواو کرد، پرسیارم لێکرد کە حەز دەکەى چی بخوێنى؟ گوتى ژیانى منتان هەموو کردووە بە میوزیک، حەز دەکەم میوزیک بخوێنم، من لە میوزیک زیاتر شتێکى دیکە نازانم. ئیدى پرسیارمان کرد گوتیان لەندەن باشە. براکەم لە لەندەن بوو، تەلەفۆنم بۆ کرد و پێمگوت زانکۆیەکى باشى میوزیک بۆ سەرخۆبوون بدۆزەوە. ئەویش گەڕابوو زانکۆیەکى باشى دۆزیبووەوە. لەگەڵ سەرخۆبوون چووین بۆ لەندەن، حەزم دەکرد شڤانیش بێتە لەندەن، لەوێ خانوویەک بەکرێ بگرین، یان خانوویەک بکڕین. راستییەکەى حەزم دەکرد لە ئۆپسالا نەمێنین، لەوێ منداڵانى کورد نەیاندەخوێند، زۆربەیان ببوون بە چەتە.  
 
رووداو: شڤان ئاگادار بوو کە دەچن بۆ لەندەن؟

گوڵستان: بەڵێ، بەردەوام تەلەفۆنمان بۆ دەکرد کە چى دەکەین، بەڵام ئەو سارد بوو لەگەڵ ئێمە، هەر دەیگوت چ دەکەن بکەن. هەر دەیگوت بڕۆ ماڵى براکەت. ماڵى براکەشم زۆر بچووک بوو. بانگى شڤانم کرد چارەسەرى ئێمە چییە؟ گوتى لە ماڵى براکەت بە، من هیچ پارەم نییە و ناتوانم هاوکاریتان بکەم. دواى گفتوگۆیەکى زۆر شڤان رازى بوو خانووێک بە کرێ بگرین. شێرکۆ عابد کە کۆمپانیاى ئاى تی هەبوو، پزیشکێکى کوردیش کە خەڵکى سلێمانى بوو دراوسێمان بوون، ئەوان گوتیان بۆ ئێوە باشترە لە بەریتانیا بمێننەوە و تەلەفۆنێک بۆ شڤان بکە با بێ. کە شڤان هات شێرکۆ پێیگوت تۆ هەندێک پارە بهێنە خانوویەک بکڕن من دەبم بە کەفیلتان. ئێوە ئەو 1000 پاوەندەى مانگانە دەیدەن بە کرێ، دەتوانن قەرز لە بانک بکەن و مانگانە ئەو 1000 پاوەندە بدەنە بانک. شڤان قبوڵى کرد. خانووەکەمان کڕى. گرێبەستى خانووەکە بەناوى هەردووکمانەوە بوو، واتە هەردووکمان پارەى خانووەکە بدەین. خانووەکەمان نۆژەنکردەوە.  
 
رووداو: شڤان لەگەڵتان بوو لە نۆژەنکردنەوەى خانووەکە؟

گوڵستان: نەخێر شڤان هێدى هێدى لە ئێمە دوورکەوتەوە. تەلەفۆنم بۆ مەحموود باکسى کرد، مەسەلە چییە شڤان سەردانمان ناکات؟ گوتى وەڵڵا گوڵێ من شتێک بڵێم رەنگە تۆ دونیا وێران بکەى، چونکە تۆ کەسێکى سیاسى نیت. دەترسم تەلەفۆن بۆ شڤان بکەى و شەڕ بکەن. منیش بەڵێنم پێدا هیچ کاردانەوەیەکم نەبێ. پێمگوت من دەزانم شڤان شتێکى هەیە، بەڵام تۆ راستییەکەم پێبڵێ، با بەیەکجارى وازمان لێ بێنێ، یان بێتەوە ماڵەوە. باکسى گوتى شڤان پەیوەندى لەگەڵ کچێک هەیە لە پاریس، لەو باوەڕەدام عاشق بووە، کەوتووەتە کوچە و کۆڵانەکانى پاریس. وەک ئەوە وابوو جامە ئاوێکى گەرمم بەسەردا بکەن. گوتم ئەو کچە کێیە؟ باکسى گوتى: ناوى رەوشەنە و سکرتێرى کەنداڵ نەزانە. گوتم: جددیە؟ گوتى: بەڵێ. باکسى دەیگوت شڤان دەیویست ئازاد بێ و بەرپرسیارێتى خێزانى لە ئەستۆ نەبێ. ئامۆژگاریشم کردووە پێمگوتووە عەیبە تۆ کوڕت هەیە، هاوژینت هەیە. بەڵام دیاربوو شڤان دەیویست جیاببێتەوە. منیش گوتم با بێت بە من بڵێ. 

رووداو: پەیوەندیت بە شڤانەوە نەکرد؟

گوڵستان: با، تەلەفۆنم بۆ کرد، گوتم شڤان راستە پەیوەندیت لەگەڵ کچێک هەیە لە پاریس؟ حاشاى لێکرد و گوتى ئەوە ئاپۆچى پێیانگوتووى، ئەوان دوژمنى منن دەیانەوێ نێوانى من و تۆ تێکبدەن. شڤان دەیویست پەیوەندییە سۆزدارییەکەى بکاتە مەسەلەیەکى سیاسى. من لەوە دڵنیابووم کە قسەکانى باکسى راستن. بۆیە لەگەڵ سەرخۆبوون سوارى شەمەندەفەر بووین بۆ پاریس. لەوێ چووم بۆ لاى کەنداڵ نەزان. ئەو بەخێرهاتنى کردین، بەڵام من گوتم بۆ خێر نەهاتووم، بۆ شەڕ هاتووم. پێمگوت ئایا مەسەلەى پەیوەندیى شڤان و ئەو کچەى لاى ئێوە (رەوشەن) راستە؟ کەنداڵ ئەوروپیانە بیرى دەکردەوە، گوتى ئەوە شتێکى نۆرماڵە کە شڤان کەسێکى دیکەى خۆشبوێ و لەتۆ جیابێتەوە. تۆ قبوڵ بکەى یان نا، شڤان چووەتە ماڵى کچەکە و خوازبێنى کردووە، تەنانەت دایکى هاتووەتە لاى من و گوتى شڤان هاتووەتە خوازبێنی کچەکەم، تۆ چى دەڵێى؟ منیش گوتم ئەوە بڕیارى ئەوانە و من ناتوانم هیچ بڵێم. ئیدى بە تووڕەیى لە ژوورى کەنداڵ دەرچووم. رەوشەن لەوێ نەبوو، چاوەڕێم کرد، هێندەى پێنەچوو هات، کچێک بوو لە تەمەنى سەرخۆبووندا بوو. خۆى وا نیشان دا کە من ناناسێ، رەنگە نەشیناسیبم. پێمگوت وەرە وەرە، تۆ کە پەیوەندى لەگەڵ پیاوى من دادەنێى و بەتەمان ببنە هاوژین، نابێ بە من بڵێن؟ ئەویش گوتى ئەوە کێشەى خۆت و شڤانە، شڤان لەلاى من گوتوویەتى دەستبەردارى گوڵستان بووم. تۆزێک خۆم لێ توند کرد، ویستم لێى بدەم، سەرخۆبوون کەوتە نێوانمان. دەنگمان لە یەکدى بەرز کردەوە، کەنداڵ هات منى گرت و گوتى ئیللا دەبێ بێى بچین نان بخۆین، چووین بۆ رێستورانتێک. لەوێ بە کەنداڵم گوت بە شڤان بڵێ مادام گەیشتە ئێرە، ئیدى با کەسمان یەکدى نەبینین.

رووداو: چەند ساڵ پەیوەندیتان پچڕا؟

گوڵستان: هەتا 2006 ، واتە شەش ساڵ هیچ پەیوەندییەکمان نەبوو. بەر لەوەى سەرخۆبوون خوێندن تەواو بکات، شڤان هات خانووەکەى لەندەنى فرۆشت، ئێمە بەبێ خانوو ماینەوە. چوومە ماڵى براکەم، سەرخۆبوونم نارد بۆ لاى شێرکۆ عابد کە لە مانچستەر بوو، بۆ ئەوەى لە کۆمپانیاکەى ئەو کاربکات. پاشان هات و گوتى حەز دەکەم بگەڕێمەوە سوێد.

رووداو: ئەو رووداوە کارى تێنەکردى؟

گوڵستان: چۆن؟! تووشى نەخۆشیى دەروونى بووم، چوومە دکتۆر، چارەسەرى دەروونیم دەخوارد. ماڵم خراپ بوو.

رووداو: شڤان بۆچى خانووى فرۆشت؟

گوڵستان: زۆر لەوە تووڕە بوو کە چوومە پاریس، ئیدى رقى بەرامبەر من و سەرخۆبوون هەڵگرت، خانوو فرۆشتنەکە وەکو سزادانى ئێمە بوو. خانووى سوێدیشمان فرۆشتبوو. بەبێ خانوو مابووینەوە. لە ئۆپسالا و لەندەن لەلاى براکانم دەمامەوە، سەرخۆبوونیش لەلاى برادەرەکانى بوو. من تێکچووبووم، بە زەبرى حەب بەرنامەم پێشکەش دەکرد. گەیشتبوومە ئەو راددەیەى خۆم بکوژم. 

رووداو: ئێوە بە فەرمى لە یەکدى جیابوونەوە؟

گوڵستان: من گوتم مادام کەسێک منى ناوێ، ئیدى جیادەبمەوە. ساڵى 2000 بە فەرمى لە یەکدى جیابووینەوە. 

رووداو: پەیوەندى نێوان شڤان و ئەو کچە بەردەوام نەبوو؟

گوڵستان: دواى پێنج ساڵان لەگەڵ کچەکە بەشەڕ هاتن و لە یەکدى جیابوونەوە. ئەوان لەگەڵ یەک بوون، هاوسەرگیرییان نەکردبوو. دواى جیابوونەوەیان شڤان کەوتە نەخۆشخانە، ئەویش تێکچوو. بیستم شڤان دەچێتە لاى پزیشکى دەروونى.

رووداو: سەرخۆبوون دەچێتە لاى باوکى، ئەوە چۆن بوو؟

گوڵستان: ئەوە لەڕێى خێزانێکى باشوورى کوردستان بوو کە لە ئۆپسالا دەژیان، ئەوان گوتبوویان رەوشى شڤان زۆر خراپە، زۆر لاواز بووە، خەریکە دەمرێ. ئیدى سەرخۆبوون هات گوتى باوکم خەریکە دەمرێ، دەمەوێ بچم بۆ لاى، منیش گوتم ئارەزووى خۆتە. ئیدى چوو بۆ لاى باوکى لە فرانکفۆرت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە