مانۆ خەلیل: فیلمی داهاتووم لەسەر جاشەكانە

هەڤپەیڤین: رەشاد ئۆزكان
رووداو – میونشن

فیلمی هەنگەوان (Der Imker)ی دەرهێنەری كورد، مانۆ خەلیل كە لەلایەن كۆمپانیای (Braveheart international) بەرهەم هاتووە، ئێستا لەسەر شاشەی سینەماكانی ئەڵمانیا نمایش دەكرێت. ساڵی رابردوو ئەو كۆمپانیایە و فێستیڤاڵی فیلمی دۆكیومێنتاری میونشن كە ساڵانە لە مانگی گوڵاندا سازدەكرێت، فیلمی "هەنگەوان"یان وەكو باشترین هەڵبژاردبوو.

دەرهێنەری كورد مانۆ خەلیل ساڵی 1964 لە شاری قامشلۆ لەدایكبووە. نزیكەی 20 ساڵە لە سویسرا دەژی و خوێندنی سینەمای لە چیكۆسلۆڤاكیا تەواوكردووە. نزیكەی 16 فیلمی دروستكردووە و زۆر خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وەرگرتووە.
مانۆ خەلیل، وەكو بینەرێك بەدیار فیلمەكەیەوە دانیشتبوو لە سینەمای (Arri-Cinema)ی شاری میونشن. دوای تەواوبوونی نمایشی فیلمەكە (رووداو) ئەو هەڤپەیڤینەی لەگەڵ ساز كرد.


رووداو: دەتانەوێ بەهۆی فیلمی "هەنگەوان" چ پەیامێك بدەنە بینەران؟

مانۆ خەلیل: بەڕاستی كاری من ناردنی پەیام نییە، من چیرۆك دەگێڕمەوە. لەساڵی 1992 فیلمێكم دروستكرد لەسەر مەسەلەی كورد لەژێر دەستی رژێمی بەعسی سووریادا. من ماوەی 20 ساڵە لە دەرەوەی وڵاتم، چیرۆكی گەلی كورد لە ئەوروپا پێشاندەدەم. هەڵبەت بەهاوكاری وڵاتە ئەوروپییەكان نەك بە هاوكاری كورد. تاوەكو ئێستا هیچ هاوكارییەكم لە حكومەتی كورد، تەلەڤزیۆنە كوردییەكان، پەیمانگەی كوردی و پارتە كوردییەكان وەرنەگرتووە.

رووداو: نزیكەی 20 ساڵە لە سویسرا دەژین، كاتێك فیلمێك دروست دەكەن، وەك ئەڵمانی بیردەكەنەوە یان وەك كورد؟

مانۆ خەلیل: من سەت لە سەت بە كوردی بیردەكەمەوە. من كوردم. من منداڵ نەبووم ئەو كاتەی هاتمە ئەوروپا. یاسام لە زانكۆی دیمەشق خوێند و دواتر چوومە چیكۆسلۆڤاكیا كە ئەوكاتە تەمەنم 25 ساڵ بوو.

رووداو: پێتانوایە ئێمە ئەمڕۆ دەتوانین بڵێین "سینەمای كوردی"مان هەیە؟

مانۆ خەلیل: تاوەكو ئەمڕۆ سینەمای كوردی نییە. سینەمای كوردی ئەوكاتە دروست دەبێت كە كوردستان ئازادبوو. ئەوكاتەی سینەما بۆ پێشاندانی فیلمی كوردی دروستبكرێن، كاتێك فیلمەكانم نەك تەنیا لە میونشن، بەرلین، نەمسا و سویسرا، بەڵكو لە سینەماكانی كوردستانیش نمایشكران، ئەوكاتە دەتوانین بڵێین سینەمای كوردی هەیە. كە فیلمێكمان دروستكرد و بەشداری فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی بوو، ئەوە مانای ئەوەیە سینەمای كوردیمان هەیە؟ من دەڵێم سینەمای كوردی هێشتا لەدایك نەبووە. لەوانەیە دایكی سینەمای كوردی دووگیان بێت، واتە لەوانەیە ئەو منداڵە كە سینەمای كوردییە لەدایك ببێت. بەڵام ئایا ئەو منداڵە پەككەوتە دەبێ، جوان دەبێ، ژیر دەبێ، شێت دەبێت، كەس ئەوە نازانێت، ئومێدەوارم رۆژێك لە رۆژان لەدایك ببێت. ئەگەر دەوڵەتی كوردستان دروست بوو، ئەوكاتە سینەمای كوردی دروست دەبێت.

رووداو: پەیوەندییەكی ئەوتۆ لەنێوان دەرهێنەر و هونەرمەندە كوردەكاندا هەیە؟

مانۆ خەلیل: ئێمە یەكدی دەناسین. ماوەیەك لەمەوبەر لە فێستیڤاڵی سینەمای دهۆك بووم. لەوێ زۆر دەرهێنەری كوردم بینین. هەندێكیانم تازە ناسین. دیارە بەهۆی پشتیوانیكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سینەماكارانی كوردی هەموو بەشەكانی كوردستان، ئیدی بە سەدان فیلم دروستبووە. دەرگا كراوەتەوە و هەر كەسێك فیلم دروست دەكات. تەنیا لەسەر سایتی وەزارەتی رۆشنبیری كوردستان ناوی 640 دەرهێنەری سینەمایی كورد هەیە.

رووداو: بەڵام كوالیتی فیلمەكانیان چۆنە؟

مانۆ خەلیل: دیارە فیلمی جۆراوجۆر هەیە، ئەگەر سینەمای كوردی دروست بوو، ئەوكاتە كوالیتیش دیاردەبێت. پێموایە ئێستا كوالیتی نییە.

رووداو: دەرهێنەرانی كوردی باكووری كوردستان زۆربەی فیلمەكانیان بە زمانی توركی دروست دەكەن. ئایا دەتوانین بڵێین ئەمە "سینەمای كوردی"یە؟

مانۆ خەلیل: زمانی فیلمەكە گرنگ نییە، رۆحی فیلمەكە گرنگە. ئەگەر چیرۆكی رۆحی فیلمەكە بە كوردی بێت، ئەوە فیلمەكەش كوردییە. بابەتی فیلمەكە چی بێت، ئەوە فیلمی خۆت و وڵاتی خۆتە. ئەگەر وابەستەی رۆح و ئازادی وڵاتەكە بێت، ئەوە كوردییە. 

رووداو: كورد زۆر كەم دەخوێنێت و زۆر كەمیش دەچێتە سینەما، ئەمە تا چەند بەربەستە لەبەردەم گەشەكردنی رۆشنبیری و سینەمای كوردی؟

مانۆ خەلیل: بۆچی كورد ناچێتە سینەما؟ لەبەرئەوەی كەلتووری سینەما لە كوردستان نییە. مێشكی سینەمایی لە كوردستان نییە و رەخنەش نییە. لەبەرئەوەی كورد بەچاوێكی ناشیرین سەیری سینەما دەكات. پێشتر كاتێك باسی كەسێكی خراپیان دەكرد، دەیانگوت "مەیخۆر، قومارچی، فیلم و سینەماچی". هەڵبەت ئەم بیركردنەوەیە دەگۆڕدرێت، ئەگەر گەلی كورد خۆی لەژێر دەستی داگیركەرانی رزگار كرد و سەربەخۆیی وەرگرت.

رووداو: دروستكردنی فیلم بۆ ئێوە چییە؟

مانۆ خەلیل: من خەونەكانم بەدی دێنم. خەونی من گەلێكی ئازادە و من بەهۆی سینەماوە ئەو خەونەم بەدی دێنم.

رووداو: وەك هونەرمەندێكی رۆژئاوای كوردستان چۆن سەیری رەوشی وڵات دەكەیت؟

مانۆ خەلیل: ئێمە بێ ئومێدین و دەبینین كورد یەكناگرێت. هەر بنەماڵەیەك چیرۆكێك دەگێڕێتەوە و گۆرانییەك بۆ خۆی دەڵێت. گەلی كورد پارچە پارچە بووە. هەندێكی دەڵێ كوردستانمان ئازاد كردووە.

لەلایەكی دیكەشەوە دەبینین 300 هەزار كورد هەڵاتوون و لە كەمپەكاندا دەژین. بنەماڵەكەشم دابەشبووە، زۆربەیان روویانكردووەتە وڵاتە ئەوروپییەكان. براكەم لەگەڵ 5 منداڵی رایكردبووە كەمپێكی پەنابەران لە هەولێر. لە هەمانكاتدا هەندێكیان دەڵێن كوردستانمان ئازاد كردووە. كوا كوردستانیان ئازاد كردووە؟!

رووداو: دەتوانی بچیتە رۆژئاوای كوردستان و فیلم دروستبكەی؟

مانۆ خەلیل: ئەگەر ئازادبوو دەچم. دیكتاتۆری سووریا كە لاوانی كورد لە زیندانەكاندا دەكوژێت، هێشتا پەیكەرە 4 مەترییەكەی لە قامشلۆیە. ئایا ئەگەر ئێستا پەیكەری سەدام لە هەولێر بووایە، دەمانگوت هەولێر ئازادە؟!

رووداو: ئێستا فیلمێكی نوێ دروستدەكەن، ناوەڕۆكی فیلمەكە لەسەر چییە؟

مانۆ خەلیل: لەسەر خیانەتە. دیارە تاوەكو ئەمڕۆش بە هەزاران كورد خیانەت لە گەلی خۆیان دەكەن، خراپتر لە دوژمنان. مرۆڤ كاتێك سەیری مێژووی كوردستان دەكات، دەبینێت كە هەموو شۆڕشەكانی كوردستان لەبەر خیانەتكردن تووشی شكست هاتوون. هەمیشە خائین لەنێو گەلی كورددا هەبوون، بۆ نموونە لە باكووری كوردستان بە هەزاران جاشی كورد هەن كە كورد دەكوژن. لە باشووری كوردستانیش 250 هەزار جاش هەبوون، هەروەها لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش جاش هەن كە دژی ئازادیی كورد و كوردستان كاردەكەن. دیارە لە هەموو دونیا كەسانی وا هەن. ئێمە دەمانەوێ بەمشێوەیە بەهۆی كچێك كە لە كوردستان لە باوكی دەگەڕێت، ئەم مەسەلەیە پێشان بدەین.