نوێترین فیلمی مانۆ خەلیل لە سویسرا نمایشكرا


رووداو - هەولێر

"حافیز و مارا"، نوێترین بەرهەمی مانۆ خەلیل، دەرهێنەری کوردە، کە چیرۆکی شێوەکارێکی سویسری بە شێوازێکی دۆکیۆمێنتاری و بایۆگرافی بۆ بینەر دەگێڕێتەوە.

لەمبارییەوە مانۆ خەلیل، بە رووداوی راگەیاند "ئەم بەرهەمە هونەرییە لەرێگەی شێوەکارێکی سویسرییەوە ، چیرۆکی خێزانێکی سویسری لوبنانی دەگێڕێتەوە".

گوتیشی "یەکەم نمایشی ئەم بەرهەمە دۆکیۆمێنتارییە بایۆگرافییە، لە 26 مانگی رابردوو لە سینەما کۆنسێرت لە سۆلۆسۆرن لە سویسرا بەڕێوەچوو".

چیرۆکی فیلمەکە باس لە کەسێک بەناوی ئۆدلف بیچرچینکەر دەکات، کە خەڵکی سویسرایە و روو لە فەڵەستین دەکات، دواتریش دەچێتە لوبنان، لەو وڵاتە کچێک بەناوی سەلما حەداد دەناسێت و لەوێ ژیانی هاوژینی لەگەڵدا پێکدێنێت و خێزان دروستدەکەن، بیچرچینکەر لە بەیروت ماڵئاوایی لە ژیان دەکات، لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، سەلما لەگەڵ منداڵەکانی دەچێتە سویسرا، ئەویش لە وڵاتی خۆی نامرێت، بەڵکو لە وڵاتی هاوژینە سویسرییەکەی و هەر لەو وڵاتەش دەنێژرێت.

حافیز کوڕی ئەو دوو هاژینەیە و ئێستا تەمەنی 85 ساڵە، ئەو لە تەمەنی 10 ساڵیدا لوبنانی جێهێشتووە و لە تەمەنی 75 ساڵیدا سەردانی ئەو وڵاتە دەکاتەوە، بۆ ئەوەی ماڵئاوایی لێبکات و تاوەکو ئێستا بە عەرەبییەکی باش قسە دەکات.

ماوەی فیلمەکە 88 خولەکە و لە وڵاتی غانا، لوبنان و سویسرا وێنەگیراوە و بە زمانەکانی، عەرەبی، ئینگلیزی، ئەڵمانی و فەڕەنسییە.

مانۆ خەلیل تا ئێستا كاری دەرهێنانی بۆ نزیکەی 20 فیلم كردووە، دوایین فیلمەكانی ئەمانە بوون: "پەرەسێلکە" ، "ئەنفال" ، "داڤێد تولهیلدان" ، "زیندانەكەم، ماڵەكەم" ، "باخچەكانی بەهەشت" و "تامی هەنگوین".

"تامی هەنگوین"، كە دوایین فیلمی بەرهەمهاتووی ئەو دەرهێنەرەیە، چیرۆكەكەی باس لە هەنگەوانێكی كورد لە باكووری كوردستان دەكات، لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا، گەورەترین بەرهەمهێنەری هەنگوین لە جیهان بووە ، ساڵانە 20 تا 30 تۆن هەنگوینی بەرهەم هێناوە، بەڵام بەهۆی شەڕەوە شانەی هەنگ و زەوی و ماڵ و هاوژین و بەشێك لە منداڵەكانی لە دەست دەدات، دواجار لە چیاكانی ئەلب لە سویسرا درێژە بە پیشەكەی و ژیانی خۆی دەدات.