ئەیوب عەلی: 18 گۆرانیم ئامادەیە بۆ تۆمارکردن و یەکێکیان نیشتمانییە

01-01-2025
پەسار فایەق
هونەرمەند ئەیوب عەلی لە ستۆدیۆی رووداو
هونەرمەند ئەیوب عەلی لە ستۆدیۆی رووداو
نیشانەکردن ئەیوب عەلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند ئەیوب عەلی، رایگەیاند، 16 بۆ 18 گۆرانیی ئامادەیە بۆ تۆمارکرن و یەکێک لە گۆرانییەکان لەبارەی نیشتمانە و لەگەڵ هونەرمەند گارا سازکار بە هاوبەشی تۆماری دەکات.
 
لە رووماڵی رووداو بۆ سەری ساڵی نوێ، ئەیوب عەلی میوانی رووداو بوو، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە گەلی کورد کرد و هیوای خواست 2025 ساڵی دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان بێت، ساڵی ئاشتی و خۆشبەختی بێت بۆ هەموو لایەک.
 
ئەیوب عەلی لە بەریتانیا ژیان بەسەر دەبات، لەبارەی سەردانی ئەمجارەی بۆ کورستان، دەڵێت، بۆ کاری هونەری بووە و کۆنسێرتێکی لە زاخۆ بەبۆنەی سەری ساڵی نوێیەوە سازکرد، جگە لە چەند شەوەئاهەنگێک لە شەوی سەری ساڵ و ساڵی نوێ.
 
هەروەها دڵتەنگی خۆی پێشاندا بۆ کەمی باران بارین لە کوردستان و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، زۆر حەز بە باران و بەفر دەکات، بەڵام دڵتەنگە کە دەبینێت لە وڵاتەکەی باران کەم دەبارێت. گوتیشی: "باران رەحمەتی خودایە و جوانی وڵاتانی ئەوروپا؛ بارانە". 
 
مژاری کەمی باران بارینی ئەمساڵ لە کوردستان، ئاڕاستەی قسەکانی هونەرمەندی بەرەو گۆڕانی کەش و هەوا لە جیهاندا برد، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بڕوای بەو بۆچوونانە هەیە کە مرۆڤ لە پشت گۆڕانی کەش و هەوایە، گەرمبوونی زەوی، کەمبوونی باران، دروستبوونی لافاو و زۆربوونی باران بارین لە هەندی شوێن. گوتیشی، هەریەک لەلای خۆیەوە دەتوانێت هاوکار بێت بۆ پاراستنی ژینگە، هیچ نەبێت بە فڕێنەدانی پلاستیک هاوکار بن.
 
گوتیشی، کاتێک دەچمە هوتێل لە هەر وڵاتێک، لە بری ئەوەی رۆژانە سێ خاولی بەکاربهێنێت و فڕێیبداتە سەر زەوی بۆ شووشتن، یاخود لە بری ئەوەی هەموو رۆژێک ژوورەکەی خاوێنبکرێتەوە، داوا دەکات سێ رۆژ جارێک ئەو کارەی بۆ ئەنجام بدەن.
 
روونیشکردەوە، حەز دەکات لە رێگەی بەرهەمێکەوە هۆشیاریی پاراستنی ژینگە بڵاوبکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرهەمێکی لەمبارەیەوە ئامادە نییە. 
 
لەبارەی پلانی بۆ 2025 گوتی، پلانی باشی هەیە بۆ ساڵی نوێ، ئەگەر دەرفەتی بۆ بڕەخسێت، ئەویش تۆمارکردنی گۆرانییەکانیەتی کە ژمارەیان 16 بۆ 18 گۆرانییە، یەکێک لەوانە گۆرانییەکی نیشتمانییە و بەنیازە بەهاوبەشی لەگەڵ هونەرمەند گارا سازکار تۆماری بکات و هاوشێوەی بەرهەمی "کوردم" دەبێت. گوتیشی، حەز دەکات گۆرانییەکان تۆمار بکات و لە شێوەی ئەلبوومێکی ئۆنلاین بڵاوی بکاتەوە.
 
لەبارەی 2024 گوتی، ساڵێکی پڕ لە چالاکی بوو بۆ ئەو، بەڵام ساڵێکی خۆش نەبوو، بەهۆی نەخۆشکەوتنی، هەروەها مانگێک لە 2024 پڕ لە شانازی بوو بۆ ئەو، بەهۆی ئەو زنجیرە کۆنسێرتەی لەگەڵ گرووپی نیشتمان بە سەرپەرشی هونەرمەند هەژار زەهاوی لە فەرەنسا سازی کرد. 
 
لەبارەی بە زیندوو مانەوەی گۆرانییەکانی بۆ نەوەی گەنجی ئێستا، دەڵێت، نابێت رۆڵی ئاوازدانەر لەبیر بکرێت، بەتایبەتیش لە ئەلبوومی 2003، 2024 و 2024 کە هونەرمەند گۆران کامیل کاری بۆیان کردووە، ئێستاش بە مامۆستای خۆی دەزانێت و لێیەوە فێر دەبێت. هەروەها دەڵێت، ئەو داهات و سپۆنسەرانی هەیبوو هەمووی بۆ بەرهەمەکانی بەکارهێناوەتەوە، بۆ ئەوەی لە ئاستێکی بەرز بەرهەمیان بێنێت. گوتیشی: "بەرهەمەکانم درەنگ لەلای بینەر وەردەگیرێت، بەڵام کە وەرگیرا دەمێننەوە".
 
لەبارەی تۆڕی میدیایی رووداو، دەڵێت، بینەری ئەو کەناڵەیە و هەموو بەیانییەک سەرەتا سەردانی پۆرتاڵی رووداو دەکات، دواتریش بی بی سی و سەرچاوەی هەواڵی ئەون.
 
لەبارەی گۆرانییەکانییەوە گوتی، هەر گۆرانییەوە چیرۆکێکی لە پشتەوەیە و بەر لەوەی گۆرانی بۆ خەڵک بڵێت، گۆرانی بۆ خۆی دەڵێت، بۆ ئەو منداڵەی لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە بە دوای گۆرانی کەوت. لە ئەوروپا کە بە تەنیا دەژی، هاوڕێی هەرە نزیکی گۆرانیگوتن و سازەکەیەتی.
 
لەبارەی رەنج سەنگاوی، میدیاکار و شاعیر، دەڵێت، جگە لەوەی هاوڕێی منداڵییەتی، لە هەمانکاتتدا خزمی نزیکیەتی و دایکی سەنگاوی ئامۆزایەتی. ئاماژەی بۆ تێکستێکی شیعری ئەو شاعیرە کرد کە بەنیازە بیکاتە گۆرانی و ئاوازێکی لە ئاست تێکستەکە بۆ ئامادە بکات، لە ستۆدیۆی رووداو خوێندیەوە و ناوەڕۆکێکی نیشتمانپەروەری هەبوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەمال غەمبار، نووسەر و رەخنەگری ئەدەبیی کورد

نووسەر و رەخنەگر کەمال غەمبار کۆچی دواییکرد

د. کەمال غەمبار، نووسەر و رەخنەگری ئەدەبیی کورد، لە تەمەنی 87 ساڵیدا کۆچی دواییکرد. لقی هەولێری یەکێتیی نووسەرانی کورد دەڵێت، بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە.