نەڤید زەردی 'شیرینە سەوزە' بە میوزیک و تێکستێکی جیاواز بڵاودەکاتەوە

01-01-2022
پەسار فایەق
نیشانەکردن نەڤید زەردی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

'شیرینە سەوزە' یەکێک لە گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکانە کە لەلایەن چەند گۆرانیبێژێکی کوردەوە گوتراوە، هونەرمەند نەڤید زەردی، بە میوزیک و دابەشکردنێکی نوێ دووبارەی کردووەتەوە و بەشێک لە تێکستەکەشی گۆڕیوە.


'شیرینە'ـی زەردی، لە دوا رۆژەکانی 2021 وەک دیارییەکی ساڵی نوێ پێشکێش بە هەوادارانی کرد و لە کەناڵی تایبەتیی لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە کە 484 هەزار سەبسکرایپی هەیە.

ئەم بەرهەمە شادە لە 28-12-2021 بڵاوکرایەوە و لەلایەن هۆگرانی زەردی پێشوازی لێکراوە و تاوەکو ئێستا 641 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە.

کاری ئەرێنجی گۆرانییەکە لەلایەن کۆستاس کاراگیۆزیدیس کراوە و دانیال زلۆتین کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆکلیپەکە کردووە و ماوەکەی چوار خولەک و 44 چرکەیە.

نەڤید زەردی، چەند دەرکەوتنێکی جیاوازی لەم بەرهەمەدا هەیە، چەند جارێک بە جلوبەرگی کوردییەوە دەردەکەوێت و ستایلی قژی بە بەراورد لە دەرکەوتنەکانی دیکەی، تەواو جیاوازە.

دوایین کاری هونەریی ئەو گۆرانیبێژە کوردە بەناوی 'پۆز' بوو کە لەگەڵ گیمس، گۆرانیبێژ و میوزیسیانی فەرەنسی بە رەچەڵەک کۆنگۆلی بوو کە ماوەی 14 ساڵە یەکێک لە هونەرمەندە پلە یەکەکانی ئەوروپایە و ڤیدیۆکلیپەکانی ملیۆنان بینەریان هەیە.

ئەم بەرهەمە لە 9-9-2021 بڵاوکرایەوە و زیاتر لە حەوت ملیۆن و 281 هەزار بینەری هەیە.

لەلایەکی دیکەوە، ڤیدیۆکلیپی 'کوردە'ـی نەڤید زەردی کە بەشێوەی دوێتە لەگەڵ شاناز زاهیر، وەک پڕبینەرترین ڤیدیۆکلیپی کوردی لە 2021 ناسێندرا و زیاتر لە 20 ملیۆن بینەری هەیە.

2021 بۆ ئەو هونەرمەندە ساڵێکی پڕ بەرهەم و پڕ دەستکەوت بوو و چوار ڤیدیۆکلیپی بەناوەکانی 'شەرمەکە'، 'کوردە'، 'پۆز' و 'شیرینە' بڵاوکردەووە کە زیاتر لە 36 ملیۆن بینەریان هەیە. 

هەر لە 2021ـدا، ناوی نوێترین ئەلبووم و گۆرانییەکانی نێو ئەلبوومەکەی ئاشکرا کرد کە بەناوی 'کوردی'یە و بڕیارە لە 7-7-2022 بڵاویبکاتەوە. 
  
نەڤید زەردی گۆرانیبێژ و میوزیسیانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە 2004ـەوە دەستی بەکاری هونەری کردووە و لەسەری ئاستی هەرچوار پارچەی کوردستان ناوبانگی هەیە، چوار ئەلبووم و 30 گۆرانی سینگڵی و چەندین ڤیدیۆکلیپی بڵاوکردووەتەوە و لەرێگەی کۆمپانیا تایبەتەکەی 12 گۆرانیبێژ هەیە و تێکست و ئاوازی بۆ ژمارەیەک لە هونەرمەندانی بیانیش داناوە و بە ستایلی پۆپ، رۆک، ھیپ ھۆپ بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوە.
 
ڤیدیۆکلیپەکانی ئەو هونەرمەندە کوردە ملیۆنان بینەریان هەیە، جگە لە کورد، بینەری بیانیشیان هەیە و کۆمێنت بۆ ڤیدیۆکلیپەکانی دەنووسن، ڤیدیۆکلیپی 'ئەیلا' کە بەرهەمێکی دوێتە لەگەڵ هونەرمەند عەبە کاریب، زیاتر لە 23 ملیۆن بینەری هەیە.
 


 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە