رووداو دیجیتاڵ
وەک تۆڵەکردنەوەیەک بۆ خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی ئاپاچی سوپای ئەمریکا کە شەوی پێشووتر لەلایەن ئێرانەوە خرابووە خوارەوە، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردەوە سەر ئێران. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وەڵامەکەیان "زۆر بەهێز" بووە، لە کاتێکدا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریدایە هێزە بیانییەکان کە دەستبەجێ ناوچەکە جێبهێڵن.
رۆژی چوارشەممە، 10-06-2026، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا کاژێر 5:00ـی پاشنیوەڕۆ بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا (12:00 شەو بە کاتی هەولێر) لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، دەستیان بە هێرشی بەرگری لە خۆکردن کردووە. سێنتکۆم هێرشەکەی بە "وەڵامێکی گونجاو بۆ دەستدرێژییە بێ پاساوەکەی ئێران" وەسفکرد. ئەمەش دوای ئەوە هات، دەنگی چەندین تەقینەوە لە کەناراوەکانی باشووری ئێران لە نزیک تەنگەی هورمز بیسترا.
دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (ABC News) رایگەیاند، "ئەمریکا بە شێوازێکی بەهێز وەڵامی ئەوە دەداتەوە کە دوێنێ شەو لەگەڵ هێلیکۆپتەرەکەماندا کردیان. پێموایە وەڵامەکە دەبێت زۆر بەهێز و زۆر کاریگەر بێت، ئەمەش هەر وایە." هێرشەکانی ئەمریکا تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە ترەمپ گوتبووی دانوستاندنی ئاشتی لە قۆناخی کۆتاییدایە.
ئەم هێلیکۆپتەرە ئاپاچییە، دووەم فڕۆکەی سەربازیی ئەمریکا بوو کە لەلایەن ئێرانەوە لەم جەنگەدا بخرێتە خوارەوە، ئەمە دوای کەوتنی فڕۆکەیەکی ئێف-15 لە مانگی نیساندا. سێنتکۆم پشتڕاستیکردەوە، دوو کارمەندی تیمەکە لە کەناراوەکانی عومان لە ماوەی کەمتر لە دوو کاژێردا بە هاوکاریی درۆنێکی دەریایی بە سەلامەتی رزگارکراون و دۆخی تەندروستییان جێگیرە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، داوای لە هێزە بیانییەکان کرد تەنگەی هورمز و ناوچەکانی دەوروبەری جێبهێڵن و هۆشداری لە مەترسیی رووداوەکان دا.
عێراقچی رایگەیاند: "تەنگەی هورمز ئاوی نێودەوڵەتی نییە، بەڵکو هاوبەشە لە نێوان ئێران و عوماندا. هێزە بیانییەکانی نزیک لە خاکەکەمان بەهۆی هەڵەی مرۆیی خۆیان، رووداوی ئاسایی یان بە ئەگەری کەوتنە نێو تەقەکردنی هاوبەشەوە لەژێر مەترسیی بەردەوامدان."
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریدا و گوتی: "بۆ کەمکردنەوەی مەترسی، باشترین چارەسەر ئەوەیە کە بڕۆن. ئێمە زمانی دیپلۆماسی بە باشتر دەزانین، بەڵام بە زمانەکانی دیکەش قسە دەکەین."
عێراقچی لە پۆستێکی دیکە نووسی: "سەرەڕای شکستەکانی لە گۆڕەپانی جەنگدا، ئەمریکا بڕیاریدا سووربوونی ئێمە تاقی بکاتەوە. هێزە چەکدارە بەهێزەکانمان هیچ هێرشێک یان هەڕەشەیەک بێ وەڵام ناهێڵنەوە. مێژووی کەنداوی فارس چەندین بەشی لەبارەی چارەنووسی شومی دەستوەردەرە دەرەکییەکان تێدایە."
بەرپرسێکی ناونەهێنراوی ئەمریکی قسەی بۆ فۆکس نیوز کرد و رایگەیاند، هێرشەکان بەردەوام دەبن و ئامانجەکانیش سیستمی بەرگری و رادارەکانن.
میدیای فەرمیی ئێران گوتی، هێرشەکانی ئەمریکا لە سیریک دوو کۆگەی ئاویان کردە ئامانج و بەهۆی هێرشەکانەوە ناوچەی بامانی لە سیریک بێ ئاو ماوەتەوە.
سەرەڕای ئاگربەستە ناسکەکەی نێوان واشنتن و تاران کە لە 8ـی نیسانەوە واژۆکراوە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بەردەوام بوون. بەرپرسانی لوبنانی رایانگەیاند، لە هێرشە ئاسمانییەکانی رۆژی سێشەممەدا بۆ سەر شاری مێژوویی سوور لە باشووری وڵاتەکە لانیکەم 11 کەس کوژراون. سوپای ئیسرائیل هۆشداریی بەپەلەی دەرکرد بۆ چۆڵکردنی تەواوی شارەکە.
جەنگەکە هاتووچۆی نەوتی لە تەنگەی هورمز بە تەواوی پەکخستووە، کە پێشتر 20٪ـی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕی، لە کاتێکدا ئەمریکا گەمارۆی لەسەر بەندەرەکانی ئێران داناوە. نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساس (WTI) 1.4٪ بازیدا و گەیشتە 89.40 دۆلار، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشە نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لە کاتێکدا پێشتر نرخەکان بەهۆی ئاماژەکانی ترەمپ بۆ ئاشتی دابەزیبوون.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)