رووداو دیجیتاڵ
دوای ماوەیەکی زۆر لە تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر کۆچی دواییکرد.
سەرچاوەیەک لە ماڵباتی د.فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ماوەیەکی زۆر لە نەخۆشکەوتنی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 18-11-2020 پارێزگاری هەولێر لە دەرەوەی وڵاتی کۆچی دواییکرد.
رۆژی 19-10-2020، بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، دوای ئەنجامدانی پشکنین دەرکەوت کە فرسەت سۆفی تووشی کۆرۆنا بووە. دواتر بەهۆی خراپیی دۆخی تەندروستی بەرەو دەرەوەی وڵات بەڕێکرا.
پارێزگاری هەولێر لە ماوەی دەستبەکاربوونی وەک پارێزگاری هەولێر چەندین کار و پرۆژەی گرنگی لە هەولێر و قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری ئەو پارێزگایە ئەنجامداوە. دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش بەردەوام رێنمایی بڵاودەکردەوە و بە خەڵکی دەگوت کە دەبێت خۆتان بپارێزن و دووربن لە شوێنی قەرەباڵخ.
د. فرسەت سۆفی، لە ساڵی 1978 لە قەزای چۆمان لەدایکبووە، مانگی 9ی ساڵی رابردوو بووە پارێزگاری هەولێر.
- دکتۆرای لە یاسای گشتی هەیە
- مامۆستای زانکۆی پۆلەتەکنیکی هەولێر بوو
- ئەندامی خوولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بوو
- ئەندامی دەستەی راوێژکاریی یاسایی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بوو
- ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان بوو
- ئەندامی لیژنەی باڵای چاکسازی بوو
- سەرۆکی لیژنەی کاتیی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بوو
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر خێزانداربوو و لەدوای خۆی دوو کوڕ و دوو کچی بەناوەکانی (هێڤار، هێدار، نڤار و ڤیار). جێهێشت، کە تەمەنیان لەنێوان پێنج ساڵ و 17 ساڵە.


