رووداو - تەندروستی
لە هەڵەبجە دەرمانێکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی تاقیدەکرێتەوە، ئێستا لە قۆناخی تاقیکردنەوەیە بۆ بەشێک لە بەرکەوتووان و پسپۆڕێک دەڵێت، ئەگەر سەرکەوتوو بێت، ئەوا بۆ هەموو نەخۆشەکان بەکاردێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 14-4-2025 د. رێبوار باوەیسی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو لە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بە رووداوی راگەیاند، ئێستا 93 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی پێویستیان بەو دەرمانەیە و هەوڵ دەدەن لە کەمتر لە دوو مانگدا بۆ هەموویان دابینبکرێن، بەڵام ئێستا بەشی 75 نەخۆش هەیە.
د. رێبوار باوەیسی روونی دەکاتەوە، دەرمانەکە داهێنراوی وڵاتی ئێرانە و لەوێ بە نەخۆشەکانیان داوە و دەرکەوتووە، دەرمانەکە سەرکەوتوو بووە، هەر بۆیە هێناویانەتە هەڵەبجەش تاوەکو لەسەر بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی تاقیبکەنەوە.
هەروەها ئەوەشی باسکرد کە دەرمانەکە بەشێوەی خۆبەخشی لەژێر سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون.



