رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ هەینی 26-11-2021 کە دوایین رۆژی مامەڵە داراییەکانی هەفتەیە بۆ بازاڕی وزە و بەرهەمهێنەرانی نەوت، رۆژێکی بێزارکەر بووە.
هەر لە دەستپێکی کرانەوەی بازاڕەکانی ئاسیادا نرخی نەوت بە دابەزین دەستیپێکرد؛ ئەمڕۆ نرخی نەوت دابەزینێکی خێرا و گەورەی تۆمارکردووە بەشێوەیەک بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساس زیاتر لە 7 دۆلاری لەدەستداوە.
هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی گۆڕاوی کۆرۆنا و نیگەرانی وەبەرهێنەران لە خستنەڕووی بڕێکی زۆری نەوت لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوو دەگەڕێتەوە. دابەزینی نرخی نەوت لە چەند کاژێری رابردوودا نرخەکەی گەڕاندەوە ئاستی مانگی تەممووزی ئەمساڵ کە تێیدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە دەوروبەری 75 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا.
تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت نزیکەی 9٪ واتە بەرمیلێک نەوت سەرووی حەوت دۆلاری لەدەستداوە و بە 75 دۆلار و 10 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساس نزیکەی 10٪ دابەزی و 7.5 دۆلاری لەدەستدا و بە 71 دۆلار و مامەڵەی پێوەکرا.
رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت - ئۆپێک پێشبینیدەکات لە چەند مانگی داهاتوودا زیاد لە پێویست نەوت بخرێتە بازاڕ، ئەوەش بەهۆی ئەو هەوڵەی چەند بەکاربەرێکی نەوت کە دەیانەوێت نەوتی یەدەگی ستراتیژییەکانیان بخەنەڕوو بۆ دابەزاندنی نرخی نەوت. ئۆپێک پێیوایە ملیۆنێک و 100 هەزار بەرمیلی زیاتر لە پێویستی بازاڕ رۆژانە دەخرێتەڕوو.
بڕیارە ئەندامانی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی رۆژانی 1-2ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ کۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی بازاڕی وزە و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بکەن.
ئۆپێک پڵەس جەخت لەوە دەکاتەوە کە کەمکرنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت جێگەی گفتوگۆ نابێت و بەردەوام دەبن لەسەر ئەو 400 هەزار بەرمیل نەوتەی لە مانگی ئابەوە رۆژانە زیادیان کردووە.
سەرچاوەیەک لە رێکخراوی ئۆپێک رایگەیاند، خستنەڕووی نەوتی یەدەگی ستراتیژیی ئەمریکا، چین، ژاپۆن، هیندستان، کۆریای باشوور و بەریتانیا توانای بڕیاردان لەنێو ئۆپێک پڵەس ئاڵۆز و زەحمەت دەکات.
سەرچاوەکەی ئۆپێک باسی لەوە کردووە بەو 400 هەزار بەرمیل نەوتەی لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵەوە لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە زیاد دەکرێت، کۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت دەگاتە 2.3 ملیۆن بەرمیل و لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتووش دەبێتە 3.7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەوەش کاتێک روودەدات ئەگەر هەر 23 ئەندامەکەی ئۆپێک پڵەس لەسەر رێککەوتنەکەیان بەردەوام بن.
ئەگەرچی وەک نەریتێک پێش کۆبوونەوەی وەزیرانی نەوتی ئۆپێک، لیژنەی تەکنیکی ئەو وڵاتانە کۆدەبنەوە، بەڵام وا دیارە بەرهەمهێنەرانی نەوت هەستیان بەو مەترسییە کردووە کە دەکرێت خستنەڕووی یەدەگی نەوتی ستراتیژی چەند وڵاتێکی بەکاربەری نەوت لەسەرووی هەموویانەوە ئەمریکا دەکرێت بازاڕ پڕ بکات لە نەوت کە زۆر زیاتر بێت لە خواست، واتە ناهاوسەنگییەکی دیار لەنێوان خواست و خستنەڕوو دروستدەبێت. بۆیە ئەم هەفتەیە بۆردی لیژنەی ئابووریی ئۆپێک پڵەس کۆبوونەوە و پێشبینی ئەوەش دەکەن ساڵی داهاتوو نەوتێکی زۆر بخرێتە بازاڕەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
