بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ: ساڵی 2022 نزیکەی ترلیۆنێک و 500 ملیار دینار داهاتی گومرگ و باج هەبووە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە دەروازەکاندا نزیکەی ترلیۆنێک و 500 ملیار دینار داهات هەبووە و بەراورد بە ساڵانی پێشتر زیادیکردووە. دەشڵێت، ساڵی 2022 لە دەروازەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران نزیکەی 5 بۆ 6 ملیار دۆلار و لە دەروازەکانی تورکیاشەوە نزیکەی 10 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەبووە.
 
رۆژی شەممە، 31-12-2022، ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو بەشداریکرد کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی کرد.
 
ساماڵ عەبدولڕەحمان گوتی: "پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە ساڵی 2023 تەنیا پشت بە هاوردەکردن نەبەستێت و هەناردەش بکات، ئەوەش پشتیوانی بەرهەمی نێوخۆیی دەوێت بەتایبەت کشتوکاڵ و پەلەوەر. ساڵی 2022 پلانی هەناردەکردن دەستیپێکرد، هەنار بەرچاو بوو، بەڵام هەندێک بەرهەمی دیکەش هەناردە کران. پڕۆسەکەش پشتیوانیی ئەنجوومەنی وەزیران و هاوئاهەنگی هەموو وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستانی دەوێت".
 
لەبارەی داهاتی گومرگ و باج لە دەروازە سنوورییەکانەوە، ساماڵ عەبدولڕەحمان گوتی: "داهاتی گومرگ و باجی دەرامەتیش کە لە دەروازەکاندا وەردەگیرێت نزیکەی ترلیۆنێک و 500 ملیار [دینار] بووە لە ساڵی 2022دا. هیوادارین ساڵی 2023 زیاتر بێت، چونکە بەراورد بە ساڵانی رابردوو داهات بەرەوپێش چووە. ساڵانی 2021 و 2022 20%داهات زیادیکردووە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، هاوردە بۆ هەرێمی کوردستان 95%ـە و هەناردە 5%بووە و گوتیشی: "بۆ هەناردەکردن لە سەرەتای پڕۆسەکەداین و هیوادارین ساڵی 2023 بەرزی بکەینەوە بۆ 15٪ بۆ 20٪.".
 
ساماڵ عەبدولڕەحمان باسی لەوەش کرد کە ئەو قەبارەی بازرگانییەی لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و ئێران و هەرێمی کوردستاندا هەیە بۆ هەرێمی کوردستان نییە و بۆ هەموو عێراقە. گوتیشی: "ساڵی 2022 لە دەروازەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران نزیکەی 5 بۆ 6 ملیار [دۆلار] قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەبووە، لە دەروازەکانی تورکیاشەوە نزیکەی 10 ملیار [دۆلار] ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەبووە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان گوتی، کاردەکەن بۆ زیادکردنی جموجووڵی بازرگانی لە دەروازەکاندا و رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکانماندا بە بەرپرسانی عێراقمان گوتووە کە چوار دەروازەی گەورەی زەوینی و دوو کارگۆ لە هەرێمی کوردستان هەن و دەبێت بەشداریمان پێبکەن لە داڕشتنی سیاسەتی دارایی، بازرگانی و گومرگیدا، ئەگەرنا سیاسەتێکی ناتەواو دەبێت بەبێ هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی دانیشتنەکانمان کەشێکی ئارام هەیە. ئێمە پابەند دەبین بەو سیاسەتە گومرگییەی لەنێوان ئێمە و حکومەتی فیدراڵیی عێراقدا لەسەری رێکدەکەوین، ئەگەر نەشگەیشتینە ئەنجام ئەوکاتە سیاسەتی گومرگی خۆمان پەیڕەودەکەین".
 
ساماڵ عەبدولڕەحمان دەڵێت، دوای ساڵی 2009 و یەکخستنی پێناسی گومرگی لەگەڵ عێراق، کێشەیەکی گەورەیان لەگەڵ دەرەوازەکانی عێراق بۆ دروستبووە کە یەکخستنەکە ماوەیەکی کەم جێبەجێکراوە و هۆکارەکەشی گێڕایەوە بۆ "پاشاگەردانیی لە دەروازەکانی عێراق و ناسەقامگیریی سیاسی" و بۆ ئەوەش لەگەڵ عێراقدا گفتوگۆیان کردووە.