هەڵاوسان لە پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەروو تێکڕای ئێرانەوەیە


هەولێر دیجیتاڵ

بە گوێرەی نوێترین راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، هەڵاوسان لە پێنج پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرووی تێکڕای هەڵاوسانە لە ئێران.

ناوەندی ئاماری ئێران راپۆرتێکی نوێی لەبارەی هەڵاوسان لە سەرانسەری ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە و دەڵێت، تێکڕای رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لەو وڵاتە بەراورد بە مانگی ئەیلوولی ساڵی پار 45.5٪ـە.
 
بەپێی راپۆرتەکە، هەڵاوسان لە 21 پارێزگای ئێران سەروو 45.5٪ـە و پێنج پارێزگای ورمێ، سنە، کرماشان، لۆڕستان و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەنێو ئەو پارێزگایانەدان. 
 
راپۆرتەکە دەڵێت، رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە 10 پارێزگای ئێران کەمترە لە تێکڕای رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە کە بریتین لە پارێزگاکانی تاران، ئەردەبیل، بوشێهر، خوزستان، زەنجان، سمنان، فارس، کرمان، گیلان و مازەندەران.
 
هەروەها بەپێی ئامارەکە، لە 9 پارێزگای ئێران رێژەی هەڵاوسان سەروو 50٪، لەوانە پارێزگاکانی سنە، کرماشان و لۆڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
ناوەندی ئاماری ئێران ئاماژە بەوە دەکات، لە تەواوی ئێران زیاترین بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە مادە خوراکییەکان و بە رێژەی 55٪ بووە؛ هەروەها لە مادە ناخۆراکییەکان و خزمەتگوزارییەکانیش هەڵاوسان 40.9٪بووە.
 
بەپێی راپۆرتەکە، تێکڕای رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
 
ورمێ 48٪
ئیلام 47.5٪
سنە 51.9٪
کرماشان 50.3٪
لۆڕستان 51.7٪
 
هەروەها رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەردوو گرووپی مادە خۆراکییەکان و مادە ناخۆراکی و خزمەتگوزارییەکان، بەمشێوەیەی خوارەوەیە:
 
مادە خۆراکییەکان
 
ورمێ 54.1٪
ئیلام 60٪
سنە 58٪
کرماشان 57.1٪
لۆڕستان 61٪
 
مادە ناخۆراکی و خزمەتگوازییەکان
 
ورمێ 44.5٪
ئیلام 38٪
سنە 47.5٪
کرماشان 45.5٪
لوڕستان 44.6٪
 
هەر لەو بارەوە سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندیی ئێران رەخنە لە سیاسەتی ئابووری و دراوی حکومەت دەگرێت و دەڵێت، حکومەت بە قەبارەیەکی زۆر پارە چاپ دەکات و ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە وڵات.
 
عەبدوالناسر هیمەتی، سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی ئێران رایگەیاند، حکومەت مانگانە بڕی 23 تریلیۆن تمەن (زیاتر لە 450 ملیۆن دۆلار) پارە چاپ دەکات و دەپرسێت، ئایا بە چاپکردنی ئەم قەبارە پارەیە دەکرێت هەڵاوسان کۆنترۆڵ بکرێت؟. هیمەتی دەڵێت، کابینەکان لە ئێران لەسەر ئەوە راهاتوون کە خەرجییەکانیان لە داهات زیاتر بێت و ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت کە بە زیادکردنی نەختینە، وڵات بەڕێوە دەبەن.