دۆخی ئابووری، سووتەمەنی و وزە لە دووەم رۆژی کۆبوونەوەی G20 باسدەکرێن


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یەکشەممە، 31-10-2021 دووەم رۆژی کۆبوونەوەی وڵاتانی G20 لە رۆما بەڕێوەدەچێت. هەر 20 گەورە ئابوورییەکەی جیهان باس لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم دۆخی ئابووری، زنجیرەی گواستنەوە لە کەرتی بازرگان، نرخی سووتەمەنی و وزە دەکەن. 
 
سەرۆکی چین کە وڵاتەکەی دووەم گەورەترین ئابووریی جیهانە و رووسیاش وەک دابینکاری سەرەکیی وزە بەشداریی لووتکەکە ناکەن. ئەو 20 وڵاتە خاوەنی 80٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆی جیهان و 75٪ـی کۆی قەبارەی بازرگانی پێکدەهێنن. 
 
پچڕان و کێشەی زنجیرەی گواستنەوە کە کەرتی گواستنەوەی لە ماوەی رابردوو بەرەو ئیفلیجی برد، یەکێکە لە مژارەکان کە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە لووتکەی G20 باسی لێوە دەکات. 
 
کێشەی ئابووریی زۆر هەن کە کۆرۆنا بەدوای خۆیدا هێناونی، پێشبینی دەکرێت بەهۆی بەشدارینەکردنی پووتین و شین جین پینگ، جۆ بایدن دەرفەتی ئەوەی هەبێت پێشەنگایەتی لووتکەکە بکات و ببێتە قسەکەری سەرەکی. 
 
دوای پاشەکشەیەکی بەرچاوی ئابووریی وڵاتانی G20 لە ساڵی 2019 و 2020دا، لە ساڵی 2021 ئابووریی بەشێکیان گەشەی کردووە.
 
بەشێوەیەکی گشتی کۆی بەرهەمی ناوخۆی ئەو وڵاتانە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ بە رێژەی 0.4٪ گەشەی کردووە. گەشەی ئابووری ئەو وڵاتانە لە چارەکی چوارەمی 2019 کە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنابوو لەگەڵ چارەکی دووەمی 2021 گۆڕانکاری زۆری بەسەرداهاتوو، لەدوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تاوەکو بەشێک لەو وڵاتانە توانیویانە ئابوورییەکانیان بگەڕێننەوە پێش سەردەمی کۆرۆنا لەکاتێکدا بەشێکیان هێشتا گیرۆدەی سستیی ئابوورین.