60 نوێنەری جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ داواکردنی پارەی گەنمەکانیان دەچنە بەغدا


رووداو دیجیتاڵ

جووتیارانی هەرێمی کوردستان 41 رۆژە چاوەڕێی وەرگرتنی پارەی گەنمەکەیانن لە حکومەتی عێراق. جووتیارێک دەڵێت، ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتیی نزیکەی 10 هەزار جووتیار دەچنە بەغدا.
 
رۆژی شەممە، 31-8-2024، ژمارەیەک جووتیار لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیانەوە بۆ داواکردنی پارەی گەنم بەرەو بەغدا بەڕێکەوتن و بڕیارە هەر ئەمڕۆ بگەنە پایتەختی عێراق.
 
میران دەروێش، یەکێک لەو جووتیارانەی دەچێتە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق، سەرۆککۆمار و هەموو ئەو لایەنانەدا کۆدەبنەوە کە پەیوەندییان بە پێدانی پارەی گەنمی جووتیارانەوە هەیە.
 
جووتیارەکان نزیکەی 60 کەسن. میران دەروێش دەڵێت، "نوێنەرایەتیی نزیکەی 10 هەزار جووتیاری هەرێمی کوردستان دەکەین و لەوێ داوای پارەی گەنم دەکەین، کە تاوەکو ئێستا بۆ زۆرینەی جووتیارانی عێراق خەرجکراوە".
 
حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان 06ـی حوزەیران فەرمانی بە کردنەوەی سایلۆکان کرد و تاوەکو دوایین رۆژ کە 20ـی تەممووز بوو گەنم وەرگیرا.
 
پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 590 ملیار دینارە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق 74 ملیار و 500 ملیۆن دیناری ناردووە.
 
ئەو پارەیەی تاوەکو ئەمڕۆ بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرجکراوە 28 ملیار دیناری بۆ جووتیارانی سلێمانی و هەڵەبجە، 17 ملیاری بۆ هەولێر و 29 ملیار و 500 ملیۆن دیناریشی بۆ جووتیارانی دهۆک بووە.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاریدا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن.