لە مانگی ئەیلوولەوە هەر کۆمپانیایەک 75٪ـی کرێکارانی ناوخۆیی نەبن، سزادەدرێت

31-08-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن کرێکار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەڵێت، لە مانگی ئەیلوول ئەو مۆڵەتە تەواو دەبێت، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیاکانی دابوو بۆ دامەزراندنی 75٪ـی کرێکاری ناوخۆیی و 25٪ـی کرێكاری بیانی. گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیش دەڵێت، "بۆ چاودێریکردنی بڕیارەکە، لیژنەیەکی باڵا پێکهێندراوە."
 
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 31-8-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "22ـی ئەیلوول دوایین وادەیە بۆ کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی رێژەی کرێکارانی کورد بکەنە 75٪ کە لەنێو ئەو رێژەیەش دەبێت 70٪ـی ئەو کوردانە گەنج بن، بەڵام ئەو بڕیارە زیاتر بۆ کۆمپانیا نوێیەکان و ئەوانەیە، کە مۆڵەتیان تەواو بووە و داوای نوێکردنەوەی مۆڵەت دەکەن، چونکە پێیان نادرێت تاوەکو بڕیارەکە جێنەجێ نەکەن."
 
بەگوتەی ئاریان ئەحمەد، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە سەرۆکایەتیی راوێژکارێکی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لیژنەیەکی بۆ چاودێریکردنی بڕیارەکە پێکهێناوە و چاودێریی کۆمپانیاکان دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت تاوەکو چەند بڕیارەکە جێبەجێ کراوە. 
 
چالاک رەئووف، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "وەکو سەندیکای کرێکارانی هەرێمی کوردستان لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لیژنەی هاوبەشمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەیە، ئەو لیژنە هاوبەشانە سەردانی شوێنکارەکان دەکەن، بۆ ناونووسکردنی ئەو کرێکارانەی دەستەبەرنەکراون و چاودێریی دۆسیەکانی کرێکاران، رێژەی کرێکاری ناوخۆیی و رێژەی مووچەکانیان، بۆیە هەر کەس پابەند نەبوو سزادەدرێت."
 
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان هەروەها دەڵێت "ئەگەر هەر کۆمپانیایەک بە بڕیارەکەی حکومەت پابەند نەبوو، ئەوە بە سێ رێکار لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت، یەکەم ئاگاداریان دەکەینەوە، دووەم؛ ئەگەر پابەند نەبوون بە پێبژاردن سزایان دەدەین و ئەگەر بۆ جاری سێیەم پابەند نەبوون، دەدرێنە دادگە."
 
سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران و چاودێریکردنی کۆمپانیاکان دەدەن، بەڵام دەڵێت، "جێبەجێکردنی بڕیارەکە بەو میکانیزمەی حکومەت دیاری کردووە هەندێک قورسە، چونکە هەتا ئەمڕۆ کۆمپانیاکان بەردەوامن لە هێنانی کرێكاری بیانی، خاڵێکی گرنگتر ئەوەیە حکومەت نەیتوانیوە لە هیچ یەکێک لە سنوورەکان هاتنی کرێکاران کۆنترۆڵ بکات بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان کار نەکەن."
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاڵپشتیکردنی کرێکارانی هەرێمی کوردستان بە چەندین رێگە و میکانیزم بڕیاری دا بە پابەندکردنی کۆمپانیاکان بە دامەزراندنی 75٪ـی کرێکاری ناوخۆیی و 25٪ـی کرێکاری بیانی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە