نرخی نەوت دابەزی و زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

31-08-2023
عومەر ئەحمەد
نیشانەکردن نرخی نەوت نرخی زێڕ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نرخی نەوت بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە ئابووریی چین دابەزی، هەروەها هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە بەرزترین ئاستی خۆی لەماوەی سێ هەفتەی رابردوودا، مامەڵەی پێوەکرا.
 
هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 14 سەنت دابەزی و بە 85 دۆلار و 75 سەنت مامەڵەی پێوەکرا و، نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 10 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 81 دۆلار و 58 سەنت کڕین و فرۆشتنی پێوە کرا.
 
پێنوێنی کڕینی بەڕێوەبەری کارگەکان لە مانگی ئاب، بۆ پێنجەمین مانگی یەک لە دوای یەک بۆ خوارەوەی 50 دابەزیوە، ئەوەش بازرگانانی نیگەران کردووە لە کەمبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن چینەوە.
 
داتا فەرمییەکانی چین ئاماژە بەوە دەکەن؛ پێنوێنی کڕینی کارگەکان لەم مانگەدا 49.3 بووە. دابەزینی ئەو پێنوێنە بۆ خوارەوەی 50، هێمایەکە بۆ سستبوونەوەی کەرتی پیشەسازیی ئەو وڵاتە.
 
رۆژی چوارشەممە بەهۆی کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا، نرخی نەوتی برێنت بەرزببووەوە بۆ زیاتر لە 86 دۆلار.
 
یپ جۆن رۆنگ، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای راوێژکاریی IG لەو بارەیەوە رایگەیاند "کەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا، پاڵپشتی بۆ نرخەکان لە رۆژی چوارشەممە دروستکرد، بەڵام پێشبینییەکان بۆ کەمبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە، گوشاری بۆ نرخەکانی نەوت لەمڕۆدا (پێنجشەممە) دروستکردووە."
 
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ نزیکبووەوە لە 1945 دۆلار
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 31-8-2023) نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوو مامەڵەی پێوەکرا.
 
هەر ئۆنسەیەک زێڕ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەڕێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 1945 دۆلار.
 
بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی پەیوەست بە ژمارەی هەلەکانی کارکردن لە مانگی تەممووز لە ئەمریکا، کە بەراورد بە مانگی پێشتر دابەزینی پێوەدیار بوو، بووە هۆکاری دابەزینی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، بەو هۆیەشەوە نرخی زێڕ ئەمڕۆ درێژەی دا بە بەرزبوونەوەکانی سێ هەفتەی رابردوو.
 
بەپێی خەمڵاندنی ناوەندێکی تایبەت لە ئەمریکا، لە مانگی حەوتدا تەنیا 177 هەزار هەلیکاری نوێ رەخساوە، کە کەمترە لە پێشبینییەکان.
 
نیگەرانی لە داهاتووی ئابووریی ئەمریکا و ئەگەری سستبوونەوەی گەورەترین ئابووری جیهان، لەلایەکی دیکەوە پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.
 
ئەمڕۆ و سبەی کۆمەڵێک ئاماری دیکەی پەیوەست بە هەڵاوسان و نرخەکانی بەکاربەر و بازاڕی کاری ئەمریکا بڵاودەبنەوە، کە کاریگەریی بەرچاو لەسەر بازاڕی زێڕ و بازاڕەکانی دیکەی جیهان دادەنێن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە