پێشانگەی کەرەستەی کارەبای لە بەرلین؛ سامسۆنگ، ئەمازۆن و گووگڵ رکابەری لە بواری خانووی زیرەکدا دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە پێشانگەیەکی کەرەستە کارەباییەکان لە بەرلین، رۆبۆتی چێشتلێنەر تاوەکو مۆبایلی چەماوە نمایشکراون. مێژووی کردنەوەی ئەمجۆرە پێشانگەیە بۆ ساڵی 1924 دەگەڕێتەوە. ئالبێرت ئەنیشتاین لە ساڵی 1930دا سەردانی ئەم پێشانگەیەی کردووە کە ئێستا گەورەترین پێشانگەی کەرەستەی کارەباییە لە جیهاندا. 
 
چاوەڕوان دەکرێ ئەمساڵ کۆمپانیای سامسۆنگ بە نوێترین داهێنانەکانی رکابەری لەگەڵ کۆمپانیای ئەمازۆن و گووگڵ بکات لە بواری خانووی زیرەکدا.
 
نیۆل سکات، شارەزای تەکنۆلۆجیایە و دەڵێت، "یەکێک لەو شتانەی کە لە پێشانگەکەی ئەمساڵدا بەدوایدا دەگەڕێم ئەوەیە ببینم کە سامسۆنگ لە بواری خانووی زیرەک چ داهێنانێکی کردووە."
 
کۆمپانیای تایوانی، ئەی سۆس بڕیارە پەردە لابدات لەسەر یەکەمین بەرهەمی لاپتۆپی چەماوە. هەروەها چەندین داهێنانی سەرنجڕاکێشی دیکە کە وەک پشیلەی زیرەک خراونەتەڕوو. لەگەڵ ئەوەشدا کەمی چیپی ئەلیکترۆنی کە بە مێشکی ئامێرە کارەباییەکان ناوزەد دەکرێت کاریگەریی لەسەر بازاڕی کەرەستە کارەباییەکان داناوە. 
 
نیۆل سکات گوتیشی، "ئەمساڵ چیپی ئەلیکترۆنی کەمە، لەبەر ئەوە زۆربەی کۆمپانیاکان ئەو بەرهەمانەی کە پیشانی دەدەن نایانەوێت هێندە ریکلامی بۆ بکەن کە رەنگە نەتوانن بە ژمارەیەکی زۆر بەرهەمیان بهێنن." 
 
پێشانگەی کەرەستەی کارەبایی بەرلین لە 2 تاوەکو 6ی-9-2022 دەکرێتەوە. لە ساڵی 2020ـدا بەهۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پێشانگەکە زۆر ماوەکورت و بچووک بەڕێوەچوو. ساڵی 2021یش بەڕێوەنەچوو. 
 
لە 2019دا 245 هەزار کەس سەردانی پێشانگەکەیان کردبوو. ئەمساڵ پێشبینی ناکرێت هێندەی ساڵی 2019 و بەر لە تەشەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا سەردانکەری هەبێت.