رووداو دیجیتاڵ
عێراق تاقیکردنەوەکانی بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهانی تەواو کردووە و هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە رێگەی ئەو بۆرییەوە تەنیا رێککەوتنی عێراق و تورکیای ماوە، بەپێی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق؛ چاوەڕوان دەکرێت لە کەمتر لە سێ مانگی داهاتوودا نەوتی پێدا هەناردە بکرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بۆریی نەوتی کەرکووک - بەندەری جەیهانی تورکیا دوو جار تاقیکراوەتەوە و هەردوو جارەکە هیچ کێشەیەکی نەبووە، بۆیە 100٪ ئامادەیە بۆ گواستنەوەی نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک، بەڵام هێشتا رێککەوتنی نێوان عێراق و تورکیا بۆ ئەو مەبەستە نییە."
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە، بۆرییەکە دوای چاککردنەوەی لە باشترین دۆخیکدا دەتوانێت رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا هەناردە بکرێت، لە کاتی ئاساییشدا رۆژانە 600 هەزار بەرمیل.
سەرچاوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی "لایەنی تورکی ئامادەیی نیشانداوە بۆ ئەوەی بۆرییەکە بخرێتەکار و بۆ رێککەوتنیش ئامادەیە تاوەکو لەو رێگەیەوە نەوتی کەرکووک بگوێزرێتەوە بۆ وڵاتانی ئەورووپا، بەڵام عێراق بەهۆی هەندێک بابەتی دیکەی پەیوەست بە رێکارەکانی رێکخراوی ئۆپێک کە ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی بۆی دیاریکراوە، ئەو کارەی بۆ ماوەیەک دواخستووە."
سەرچاوەکە پێشبینی دەکات لەماوەی کەمتر لە سێ مانگی داهاتوو، نەوتی کەرکووک هەناردەی بەندەری جەیهان و ئەورووپا بکرێت.
ئێستا بەرهەمهێنانی رۆژانەی کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک 370 هەزار بەرمیل دەبێت، کە بەشی زۆری بۆ پاڵاوگەی بێجی دەڕوات و بەشێکیشی بۆ پاڵاوگە کەرکووکە، ئەوەی دەمێنێتەوە هەناردەی ئوردن دەکرێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە رێگەی چەند تیمێکی هونەرییەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستی بە چاککردنەوەی بۆریی نەوتی کەرکووک – جەیهان کرد، کە نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەگوازێتەوە.
لە مانگی نیسانیش تاقیکردنەوەی یەکەمی بۆ بۆرییەکە کرد و دواتریش دووەمی کرد کە لە رێگەی وێستگەکانی پاڵپێوەنانەوە بووە لەو سێ وێستگەیەی لەسەر بۆرییەکەدا هەن.
سێ وێستگەکەی بۆرییەکە یەکێکیان لە کەرکووکە، دووانەکەی دیکەش لە بێجی و مووسڵن.
گواستنەوەی نەوت لە رێگەی بۆرییەکە لەساڵی 2014 دوای هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر مووسڵ راگیرا.
بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهان، لە دوو بۆریی 40 و 46 ئینجی پێکدێت لە ساڵی 1977 و 1978 بەدوای یەکدا کراونەتەوە، پێشتر بڕی 300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی پێ هەناردە دەکرا، بەڵام لە دوای ساڵی 2003ـەوە رووبەڕووی کاری تێکدەرانە بووەوە.
بۆرییەکە نزیکەی 970 کیلۆمەتر درێژ دەبێت، بەشی زۆری کە نزیکەی 620 کیلۆمەتر دەبێت، دەکەوێتە نێو خاکی تورکیا، نزیکەی 350 کیلۆمەتریشی دەکەوێتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق. بۆرییەکەی نەوت لە بەشێک لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بەرەو پارێزگای نەینەوا و لەوێوە بەرەو پارێزگای دهۆک دەگوێزێتەوە و پاشان دەچێتە بەندەری جەیهانی تورکیا و لەوێوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان.
لە 25ـی ئادارى 2023ـوە هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا.
جگە لە نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، بۆریی نەوتی کوردستان بەشێک لە نەوتی کێڵگەکانی کەرکووکیشی پێ دەگوێزرایەوە، بەڵام لە دوای بڕیارەکەی یانەی نێوبژیوانی پاریس هەناردەکردنی ئەویش هاوشێوەی نەوتی کوردستان راگیرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ