رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەڵێت، نزیکبوونەتەوە لە کەمکردنەوەی رێژەی سوود. بەوهۆیەوە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتەوە 2 هەزار و 450 دۆلار. بەو نرخە سبەی نرخی مسقاڵی زێڕیش لە هەرێمی کوردستان بەرز دەبێتەوە.
ئێوارەی چوارشەممە بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، رێژەی سوودی وەک خۆی لە 5.25٪ تاوەکو 5.50٪ هێشتەوە.
بانکەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بەرەوپێشچوون هەبووە لە دابەزینی هەڵاوسان بۆ 2٪ کە ئامانجی بانکەکەیە. دەشڵێت، دامەزراندن خاوبووەتەوە و بێکاری زیادبووە. ئەمەش ئامانجێکی دیکەی بانکەیەیە.
بازرگانان ئەمانە وەک ئاماژەی نزیکبوونەوەی کاتی کەمکردنەوەی رێژەی سوود دەبینن. بۆیە گەشبینی دروستبووە.
دوای کۆبوونەوەکە جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەگەر هەڵاوسان بەردەوام بێت لە دابەزین، دەکرێت لە مانگی ئەیلوولدا رێژەی سوود کەمبکەنەوە. گوتیشی، "خەریکە نزیکدەبینەوە لە خاڵی گونجاو بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوود، بەڵام هێشتا بە تەواوی لەو خاڵە نین."
بازرگانان پێیانوایە ئەگەری 100٪ هەیە کە لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا رێژەی سوود کەمبکرێتەوە.
بەم نرخەی ئێستا، زێڕ نزیکە لەوەی بۆ پێنجەم جار تەنیا لە ئەم ساڵدا بگاتە بەرزترین ئاستی مێژوو.
هاوکات کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لەنێو خاکی ئێران، هۆکارێکی دیکەی سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە.
لە 24 کاژێری رابردوودا، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ 69 دۆلار بەرزبووەتەوە.
بە کاریگەریی رووداوەکان، ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕ لە هەرێمی کوردستانیش 5 هەزار دینار بەرزبووەوە.
بەو نرخەی ئێستای ئۆنسە، سبەی نرخی مسقاڵێک زێڕ لە هەرێمی کوردستان 5 بۆ 10 هەزار دینار بەرزدەبێتەوە.
گۆڕانی نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دوو هۆکار؛ نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکانی نێوخۆ. هاوتەریب لەگەڵ نرخی ئۆنسە لە لایەک و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار هەڵبەز و دابەز دەکات.
بۆ بەرزبوونەوەی نرخی مسقاڵی زێڕ، وەک ئێستا هەیە، دەبێت نرخی ئۆنسە بەرزبێتەوە و دیناریش بەرامبەر بە دۆلار دابەزێت. بۆ دابەزینیشی، دەبێت نرخی ئۆنسەی زێڕ دابەزێت و دیناریش بەرزببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ