کوژرانی هەنییە بەهای تمەن و دیناری دابەزاند

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، 100 دۆلار گەیشتە زیاتر لە 6 ملیۆن تمەن، هەروەها نزیکەی نزیکەی 149 هەزار و 500 دینار.
 
ئەحمەد حاجی سابیر، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر بە رووداوی گوت، لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا یەک دۆلار بە حەواڵە بە 60 هەزار و 400 تمەن بووە. ئێستا بە 60 هەزار تمەنە. بە شێوەی کاشیش یەک دۆلار [نەقد] بە 59 هەزار تمەنە.
 
واتە، بەشێوەی حەواڵە 100 دۆلار ئێستا بە 6 ملیۆن تمەنە و بە کاشیش 5 ملیۆن و 900 هەزار تمەنە.
 
لە بازاڕەکانی نێوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش تمەن 1.3٪ـی نرخەکەی بەرامبەر بە دۆلار لەدەستدا؛ یەک دۆلار بە 60 هەزار و 480 تمەنە.
 
دوێنێ (سێشەممە) لە بازاڕەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هەر دۆلارێک بە کەمتر لە 59 هەزار تمەن بوو.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ (31-7-2024) ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران کوژرا. تائێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیاریێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە، بەڵام زۆربەی گومانەکان بۆ ئیسرائیل دەچن.
 
ئەمە گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر دەکات کە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر نرخی دراوی نێوخۆیی وڵاتەکان دەبێت.
 
بەهای دینار دابەزی
 
هاوشێوەی بەهای تمەن، کوژرانی هەنییە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بەهای دیناریش داناوە.
 
بەگوتەی ئەحمەد حاجی سابیر، ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بەرامبەر بە 149 هەزار و 200 دینار بووە. کاژێر [16:17 خولەک]، 100 دۆلار بەرامبەرە بە 149 هەزار و 550 دینار.