رووداو دیجیتاڵ
دیوانى چاودێریى دارایی عێراق راپۆرتێک لەبارەى داهاتى نەوتی و نانەوتیى سێ مانگ و مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان دەداتە نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق. تێبینیی لەسەر لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکان هەیە و سەرۆکى ئەو دیوانەکە دەڵێت، "بەربەستەکان چارەسەر کراون و تێبینییەکان بۆ راستکردنەوەن."
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، لە راپۆرتەکەدا ئەنجامى وردبینیى داهاتى نەوتى و نانەوتى مانگەکانى کانوونى دووەم، شوبات و ئادارى 2024ى تێدایە، لەگەڵ تێبینی لەسەر ژمارەکانى نێو ئەو دوو جۆرە داهاتە.
سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى و پیشەسازی و بازرگانیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداى راگەیاند، ئەوە چوارەم راپۆرتە دیوانى چاودێریى دارایی عێراق لەسەر داهاتى نەوتى و نانەوتى هەرێمى کوردستان ئامادەى بکات و بە فەرمى داواى وردەکارییەکەیان کردووە.
بەشێکى دیکەى راپۆرتەکەى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق لەسەر مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانە، بە گوتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار لەو پرسە، تێبینییەکانى ئەو دیوانە لەسەر لیستى مووچە "کەم بوون."
سۆران عومەر دەڵێت، "لەو راپۆرتەدا تێبینى تەنیا لەسەر مووچەى هێزە ئەمنییەکان هەیە."
بەگوێرەى مادەى 12ی یاساى بودجەى گشتیى عێراق، دەبێت وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستان مانگانە تەرازووى پێداچوونەوە بنێرێت بۆ فەرمانگەى ژمێریاریی وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدڕاڵى کە تایبەتە بە وردەکاریی خەرجى و داهاتى نەوتى و نانەوتى هەرێمى کوردستان.
عەمار سوبحى، سەرۆکى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق بە میدیاى فەرمى راگەیاندووە، ئەرکیان لە وردبینیکردنى داهاتى نەوتى و نانەوتى هەرێمى کوردستان و لیستى مووچە کۆتاییهاتووە و بە راپۆرت ناردوویانە بۆ نووسینگەى سەرۆکوەزیران.
لە یاسای بوجەدا هاتووە؛ پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان رادەستى حکومەتى فیدڕاڵى بکات.
سەرۆکى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق ئاماژەى بەوەداوە بەربەستەکانى بەردەم وردبینى لیستى مووچەى هەرێمى کوردستان چارەسەرکراون، لەدواى ئەوەى بەجیا وردبینی کراوە و بەراوردیش کراوە لەنێوان زانیارییەکانى تایبەت بە داهات و خەرجى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ