قەبارەی بازرگانیی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان مانگانە 150 ملیۆن دۆلار زیادیکردووە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی ژووری بازرگانیی ئێران-عێراق رایدەگەیێنێت، قەبارەی بازرگانیی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەمساڵ، مانگانە بە بڕی 150 ملیۆن دۆلار زیادیکردووە. دەشڵێت: سەرۆککۆماری نوێی ئێران دەیەوێت پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتان پەرەپێبدات. 
 
سەید حەمید حوسەینی، ئەندامی بۆردی ژووری بازرگانیی ئێران - عێراق، ئەمڕۆ میوانی بووڵتەنی ئابووریی رووداو بوو، گوتی "لە سەردانەکەی سەرۆکی ئیسرائیل بۆ ئەمریکا، ترەمپ پێی گوت باشترین خزمەتێک کە بە ئیسرائیلی کردووە ئەوە بووە لە رێککەوتنی ئێران پاشگەزبووەتەوە، ئەمەش ئێرانی گەڕاندووەتەوە بۆ نێو گەمارۆکان و لیستی سزاکان. کە ئاماژەیەکی خراپە.
 
ئەندامەکەی ژووری بازرگانیی ئێران باسی لەوەکرد، سەرۆککۆماری نوێی ئێران دەیەوێت لەگەڵ رۆژئاوا گفتوگۆ بکات و برەو بە پەیوەندییە بازرگانییەکان بدات.
 
عومەر ئەحمەد، بەرپرسی دێسکی ئابووریی تۆڕیی میدیایی رووداو دەڵێت: بە خوێندنەوە بۆ دۆخەکە گەڕانەوەی ئێران بۆ سەر مێزی گفتوگۆ دوای ئەم رووداوە، ئەستەم دەبێت.

 

گوتیشی: بەهۆی گەمارۆکان، ئێران نایەوێت راستەوخۆ بکەوێتە دۆخی شەڕەوە. پزیشکیان دەتوانێت کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی ئێران هەبێت، بەتایبەت بەرزکردنەوەی بەهای تمەن ئەمەش بە بردەودان بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی.

 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، 31-7-2024 ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران کوژرا. هەنییە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە تاران بوو. دوای کوژرانیشی راستەوخۆ کاردانەوەی لە بازاڕەکان دەرکەوت. 
 
"بەشداریی گەرموگوڕی نێچیرڤان بارزانی، سەلماندی کێشەکانمان چارەسەر بوون" 
 
سەید حەمید حوسەینی، ئەندامی بۆردی ژووری بازرگانیی ئێران - عێراق لەبارەی بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری ئێران گوتی: سێیەمین سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لەم ساڵدا بۆ ئێران و بەشداریکردنی گەرموگوڕی لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی پزیشکیان، ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەگەر کێشەیەکی بچووکیش لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران هەبووبێت، چارەسەر بووە.

 

 
گوتیشی: سەردانەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران زۆر کاریگەرییان دەبێت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان، ئەمە دەبێتە ئاسانکاری بۆ کاروباری بازرگانی. کردنەوەی پێشانگەی پارێزگای قەزوێن لە هەولێر، هێمای باشی و پتەویی پەیوەندییەکانمانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان. دەخوازم سەردانەکانمان زیاتر بکەین بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان لە رووی گەشتیاری و بازرگانییەوە.
 
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی قەزوێن یەکەمین پیشانگەی بازرگانی قەزوێن لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر دەکاتەوە. پێشانگاکە بۆ ماوەی چوار رۆژ، لە ئەمڕۆوە تاوەکو 3ـی ئاب بەردەوام دەبێت. کردنەوەی ئەو پێشانگایە دوای ئەوە دێت کە شاندێکی بازرگانیی قەزوێن لە رۆژانی رابردوودا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو.
 
لەماوەی رابردوودا، کرانەوەیەک لە پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دا دروستبووە، کە کاریگەریی لەسەر پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوولا دەبێت.
 
لە ساڵانی رابردوودا، قەبارەی بازرگانیی نیوان هەرێمی کوردستان و ئێران چوار  ملیار دۆلار بووە لە ساڵێکدا، بەڵام لە ساڵی 2023 کەمبووە بۆ 2.4 ملیار دۆلار.
 
بەگوتەی سەید حەمید، لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵی زایینیدا، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق مانگانە 150 ملیۆن دۆلار زیادیکردووە. لە سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵی هەتاویشدا مانگانە "بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار دۆلار، هەناردەمان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق هەبووە."  
 
"شانازییە 21 ساڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کاردەکەم"
 
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی قەزوێن دەڵێت: پەیوەندی زۆرباشمان لەگەڵ بازرگانانی هەرێمی کوردستان هەیە و دەمانەوێت دەست بە وەبەرهێنانی هاوبەش بکەین.
 
مەهدی عەبدیان، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی قەزوێن لە بووڵتەنی ئابووری میوان بوو کە محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشی دەکات. ئەو باسی لەوە کرد، لە 15 ساڵی رابردوودا سێیەکی هەناردەی پارێزگای قەزوێن بۆ هەرێمی کوردستان بووە. 
 
پارێزگای قەزوێن 3700 کارگەی پیشەسازی تێدایە و نزیکەی 50 هەزار مۆڵەتی پیشەسازی و بازرگانی لەو پارێزگایە وەرگیراوە. سێیەمین پارێزگای پیشەسازیی ئێرانە.
 
مەهدی عەبدیان گوتیشی: نزیکەی 21 ساڵە بە شانازیەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کار دەکەم، پار بایی 500 ملیۆن دۆلار کاڵامان هەناردەی عێراق کردووە کە بایی 300 ملیۆنی بۆ  هەرێمی کوردستان بووە. تەنیا لە چوار مانگی رابردووشدا نزیکەی 120 ملیۆن کاڵامان هەناردەی هەرێمی کوردستان کردووە.
 
پارەی مامەڵەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و قەزوێن بە گوتەی مەهدی عەبدیان لە رێگەی نووسینگەکانی دراوەوە دەکرێت بە دۆلار و تمەن.
 
زۆرترین ئەو کاڵایانەی لە قەزوێنەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، بریتین لە پاککەرەوەکان، بەرهەمی کشتوکاڵی، مادە خاوەکانی پیشەسازی، کەرەستەی بیناسازی، شووشە، پلاستیک و خۆراک.