لەدوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە نرخی زێڕ بەرزبووەوە بۆ 2415 دۆلار

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ هاوچەشنی بازاڕە داراییەکانی دیکە کاریگەریی بە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێشانداوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لەدوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران و هەروەها هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵای لوبنان، نرخی زێڕ بەرزبووەوە.
 
رۆژی چوارشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە 2400 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ 2415 دۆلار.
 
نرخی زێڕ رۆژی سێشەممە بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت و کوژرانی فەرماندەیەکی سەربازیی باڵای حیزبوڵڵا لە 2350 دۆلارەوە بەرزبووەوە بۆ 2400 دۆلار، ئەمڕۆش بەردەوامیی بە بەرزبوونەوەکانی دا.
 
جگە لە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کاژێر 09:00ی ئەمشەو بە کاتی هەولێر لیژنەی بازاڕی ئازادی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، راگەیاندراوی کۆبوونەوە دوو رۆژییەکی خۆی بڵاودەکاتەوە و بڕیار لەسەر سوودی بانکی دەدات. بەیاننامەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا کاریگەریی گەورە لەسەر نرخی زێڕ دروستدەکات.
 
بەپێی شرۆڤەکاران، ئەگەری کەمە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی ئەمشەو کەم بکاتەوە، بەڵام ئەگەری هەیە ئاماژە بەوە بدات کە لە مانگی ئەیلوولەوە دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بکات.