بانکی ناوەندیی عێراق: ساڵی رابردوو نزیکەی 61 تریلیۆن دینار قەرز و پێشینە دراوە

31-03-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ  

بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، ساڵی رابردوو 60 تریلیۆن و 800 ملیار دینار قەرز و پێشینە لەلایەن بانکەکانی عێراقەوە بە هاووڵاتیان دراوە، ئەوەش نزیکەی 10 تریلیۆن دیناری زیاترە لەو قەرزەی ساڵی 2022 دراوە. 
 
پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، "هەوڵ هەیە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش لەو قەرزانە سوودمەند بن." 
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 31ـی ئاداری 2024) بانکی ناوەندیی عێراق، بڕی ئەو قەرز و پێشینانەی راگەیاند کە ساڵی رابردوو لەلایەن بانکەکانی عێراقەوە دراوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکە، لە ساڵی 2023ـدا ئەو بانکانە بڕی 60 تریلیۆن و 800 ملیار دینار قەرزیان داوە، ئەوەش زیاترە لە بڕی ئەو قەرز و پێشینانەی لەساڵی 2022دا لەلایەن ئەو بانکانەی مۆڵەتیان لە بانکی ناوەندییەوە هەیە، دراوە کە لەو ساڵەدا 51 تریلیۆن و 900 ملیار دینار بووە.
 
بەپێی ئامارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، بڕی ئەو قەرز و پێشینەیەی لەساڵی 2021ـدا لەلایەن بانکەکانی عێراقەوە دراوەتە خەڵک، 46 تریلیۆن و 100 ملیار دینار بووە. 
 
بانکەکە دەڵێت، " قەرز و پێشینەکان رۆڵی گەورەیان لە رێڕەوی ئابووریی عێراقدا هەیە". 
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری، بازرگانی و پیشەسازیی پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 31ـی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هاونیشمانیانی هەرێمی کوردستان لەو قەرز و پێشەکییانە سوومەند نەبوون، بەهۆی ئەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی سیستمی بانکیی عێراقن؛ هەروەها بانکە حکومییەکان لقیان لە هەرێمی کوردستان نییە."
 
ئەندامەکەی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، بەشێکی زۆری ئەو قەرزانە بۆ رەخساندنی هەلی کار، کڕینی خانوو، بەگەڕخستنی پرۆژەی بچووک و مامناوەند دراون.
 
هاوکات فەیسەڵ نائیلی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی بانکە حکومییەکان، بەتایبەت رافیدەین و رەشید، لقەکانیان لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە کە ئومێد دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بکرێنەوە." 
 
فەیسەڵ نائیلی گوتیشی، "کردنەوەی ئەو بانکانە لە هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی هاونیشتمانیان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک لە قەرز و پێشینەکانی ئەو بانکانە سوودمەند بن." 
 
رۆژی 3ـی ئاداری 2024 سەرچاوەیەکی باڵا لە بانکی رەشید بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کردنەوەی لقی بانکی رەشید لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە رەزامەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و کردنەوەی بە خێرایی ئاسان نابێت."
 
لە عێراق سێ بانکی حکومی هەن کە بریتین لە رەشید، رافیدەین و بانکی بازرگانیی عێراقی. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە