دادگەی فیدراڵی سکاڵای هاوتاکردنی نرخی نەوت و بەرهەمە سووتەمەنییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان رەتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی بڕیاردەری لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراقی رەتکردەوە، کە تایبەت بوو بە تەرخانکردنی نەوتی سپی و بەرهەمە نەوتییەکان بەگشتی بۆ هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان، وەک ئەوەی لە پارێزگاکانی عێراق هەیە، دوو پاساویشی بۆ رەتکردنەوەکە هێناوەتەوە.
ئەمڕۆ(یەکشەممە، 31ـی ئاداری 2024) دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵای نەهرۆ رواندزی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کە هاوکات بڕیاردەری لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراقە، رەتکردەوە.
پاساوێکی رەتکردنەوەکە کە پەیوەستە بە سکاڵالێکراوی یەکەم محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەوەیە؛ ماوەی دیاریکراو لە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ژمارە 23726 کە لە 20ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023 دەرچووە، کۆتایی هاتووە. بەو پێیە دادگەکە وای داناوە سکاڵاکە "لەشوێنی خۆیدا نییە."
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە نەوت لە 1-12-2023ـوە بۆ ماوەی 4 مانگ بوو.
دادگەی فیدراڵیی عێراق دەڵێت، سکاڵالێکراوانی دووەم و سێیەم کە ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری نەوتی عێراقن پەیوەندییان بە سکاڵاکەوە نییە.
نەهرۆ رواندزی لە سکاڵاکەیدا داوایکردبوو، دادگەکە بڕیار لەسەر نادروستیی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ژمارە 23726ـی 20-12-2023 بدات لەبارەی دیاریکردنی نرخی نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان، کە حکومەتی عێراق بڕیاری هەرزانکردنی بۆ چوار مانگ دابوو بۆ 250 دینار بۆ هەر لیترێک، لەبری 500 دینار.
نەهرۆ رواندزی داوایکردبوو دادگەی فیدراڵیی عێراق وەزارەتی نەوتی عێراق پابەند بکات بە پرەنسیپی یەکسانی لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و لەسەر ئەو بنچینەیەش بەرهەمە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان بە هەمان نرخی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دابین بکات.
جیاوازیی زۆر دیار لە دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە نرخی بەنزین و نەوتی ماڵاندا هەیە. لە پارێزگاکانی عێراق نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ 450 دینارە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان سەروو 700 دینارە.