رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی تورکیا یاسای کەمترین مووچەی خانەنشینانی هەموار کردەوە و بڕەکەی بۆ 14 هەزار و 469 لیرە (نزیکەی 530 دۆلار) زیاد کرد.
ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگ یاسای کەمترین مووچەی خانەنشینانی وڵاتەکەی هەموار کردەوە، بڕەکەی لە 12 هەزار و 500 لیرە (نزیکەی 458 دۆلار)ەوە بۆ 14 هەزار و 469 لیرە (نزیکەی 530 دۆلار) زیادکرد.
بڕیاربوو کەمترین مووچەی خانەنشینان لە تشرینی دووەمی 2024 هەموار بکرایە، بەڵام ئەو کات حکومەت رایگەیاند، دەستکاریی ناکەن، ئەوەش بووە هۆی ناڕەزایەتییەکی زۆری جەماوەری، بەتایبەتی خانەنشینان.
ئەو ناڕەزایەتییە وایکرد، رۆژی 7ی کانوونی دووەمی 2025 ڤێدات ئیشکهان، وەزیری کار و بیمەی کۆمەڵایەتیی تورکیا کەمترین مووچەی خانەنشینانی سەر بە دامەزراوەکانی بیمەی کۆمەڵایەتی (SSK) و بیمەی کۆمەڵایەتیی کۆماری تورکیا (Bag-Kur) رابگەیێنێت.
ڤێدات ئشکهان رایگەیاند، کەمترین مووچەی خانەنشینانی سەر بەو دوو دامەزراوەیە 15.75٪ زیادکرا و بووە 14 هەزار و 469 لیرە.
ئەوە لەکاتێکدایە لە تەممووزی 2024ــەوە کەمترین مووچەی خانەنشینانی ئەو دوو دامەزراوەیە 12 هەزار و 500 لیرە بوو.
ژمارەی خانەنشینان لە ساڵی 2024 لە تورکیا 15 ملیۆن و 851 هەزار و 244 خانەنشین بوون.
هەر بەگوێرەی هەمان ئامار، 10 ملیۆن و 523 هەزار و 105 خانەنشین لەلایەن دامەزراوەی بیمەی کۆمەڵایەتی (SSK) بیمەیان بۆ کراوە.
هەروەها 2 ملیۆن و 523 هەزار و 105 خانەنشین لەلایەن دامەزراوەی بیمەی کۆمەڵایەتیی کۆماری تورکیا (Bag-Kur) بیمەیان بۆ کراوە؛ 2 ملیۆن و 478 هەزار و 471ـی دیکەش سەر بە سندووقی خانەنشینانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ