رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، نرخی زێڕ زیاتر بەرزبووەوە، هەر ئۆنسەیەک گەیشتە 2800 دۆلار.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی زێڕە لە مێژوودا. دوێنێش نزیکەی 40 دۆلار بەرزببووەوە و گەیشتبووە 2،797 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک.
هەڕەشەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە سەپاندنی پێناسی گومرگی لەسەر وڵاتانی بریکس هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە.
ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی بەناوی تروس سۆشیال نووسی: "مەرجی پابەندی دەسەپێنین بەسەر ئەو وڵاتانەی نەیارن بەوەی نە هیچ دراوێکی نوێی بریکس دروستبکەن، نە پشتیوانیی هیچ دراوێکی دیکە بکەن بۆ شوێنگرتنەوەی دۆلاری دراوی گەورەی ئەمریکی، ئەگەر نا پێناسی گومرگییان 100٪ لەسەر زیاد دەبێت".
لە بەرامبەردا رووسیا دەڵێت، هەر هەڕەشەیەکی ئەمریکا بۆ ناچارکردنی وڵاتان بە بەکارهێنانی دۆلار، لێکەوتەی نەرێنیی دەبێت.
ترەمپ راشیگەیاند، لە سبەیەوە پێناسی گومرگی لەسەر کاڵای هاوردەکراو لە مەکسیک و کەنەداوە 25٪ زیاد دەکات.
هەڕەشەکانی ترەمپ لە وڵاتان و بریکس نادڵنیایی گەورەی دروستکردووە و بە سوودی زێڕ شکاوەتەوە.
بازرگان و وەبەرهێنەرانی زێڕ نیگەرانن لەوەی هەڵوێستەکانی ترەمپ ببنە هۆی دروستبوونی شەڕی بازرگانی، یاخود لێکەوتەی نەرێنییان لە رووی ئابوورییەوە هەبێت.
هاوکات ئەمڕۆ کاژێر 16:30 بە کاتی هەولێر، ئاماری خەرجییەکانی بەکاربەر لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە کە زیادبوونی رەنگە نرخی زێڕ دابەزێنێت و دابەزینیشی نرخەکەی بەرزبکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ