کورتهێنانی بازرگانیی تورکیا بۆ نزیکەی 106 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە ساڵی 2023ـدا قەبارەی کورتهێنانی بازرگانیی تورکیا بۆ نزیکەی 106 ملیار دۆلار کەمبووەتەوە، بەڵام لە کۆتا مانگی ساڵدا کورتهێنانەکە نزیکەی 40% کەمبووەتەوە.
 
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا رۆژی چوارشەممە، 31-1-2024 رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا کورتهێنانی بازرگانیی وڵاتەکە 3.2% کەمبووەتەوە بەراورد بە ساڵی 2022.
 
بەپێی وەزارەتەکە، لە ساڵی 2023ـدا کورتهێنانی بازرگانیی تورکیا 105 ملیار و 990 ملیۆن دۆلار بووە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2022ـدا ئەو بڕە 109 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.
 
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا باسی لەوەشکردووە، لە ساڵی 2023ـدا، تورکیا بە بەهای 255 ملیار و 780 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردە کردووە، لە بەرامبەریشدا بە بەهای 361 ملیار و 770 ملیۆن دۆلار کاڵای هاوردە کردووە.
 
بەو پێیە، لە ساڵی 2023ـدا هەناردەی کاڵا لە تورکیاوە 0.6% زیادبووە و هاوردەی کاڵاش 0.5% کەمبووەتەوە.
 
وەکو تورکیا دەڵێت، لە ساڵی 2023ـدا، زۆرترین کاڵای هەناردەکراوی تورکیا بۆ ئەڵمانیا بووە بە بەهای 21 ملیار و 90 ملیۆن دۆلار و، زۆرترین کاڵاشی لە رووسیاوە هاوردە کردووە بە بەهای 45 ملیار و 600 ملیۆن دۆلار.
 
هاوکات ناوەندیی ئاماری تورکیا دەڵێت، لە کۆتا مانگی 2023ـدا کورتهێنانی بازرگانیی تورکیا 37.8% کەمبووەتەوە بەراورد بە کانوونی یەکەمی 2022.
 
لە کانوونی یەکەمی 2023ـدا بەراورد بە هەمان مانگی 2022، وەکو ناوەندەکە دەڵێت، هەناردەی کاڵا لە تورکیاوە بۆ وڵاتان 0.4% زیادبووە و گەیشتووەتە 23 ملیار دۆلار. لە بەرامبەریشدا، هاوردەی کاڵا لە وڵاتانی دەرەوە 11% کەمبووەتەوە و بە بەهای 29 ملیار دۆلار کاڵا لە وڵاتانەوە هاوردە کراوە.
 
بەو پێیە، لەو مانگەدا بازرگانیی تورکیا بە بڕی شەش ملیار و 40 ملیۆن دۆلار کورتهێنانی هەبووە.
 
سەرەڕای زیادکردنی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی تورکیاوە بۆ 45%، بەڵام دابەزینی نرخی لیرە بەردەوامە و یەک دۆلار بە 35.5 لیرەی تورکییە. 
 
کورتهێنانی بازرگانیی تورکیا هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەردەوامی نرخی لیرەیە.