راگەیێندراوەکەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بەهای دیناری بەرزکردەوە

دینار و دۆلار
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ بەهای دینار لەکاتی داخستنی بازاڕدا بەراورد بە کاتی کردنەوەی بازاڕ بەرزبووەوە، 100 دۆلار بە کەمتر لە 152 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا. ئەندامێکی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر دەڵێت، راگەیێندراوەکەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار هەبووە. 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 31-01-2024 حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا، 100 دۆلار بە 153 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
وەکو حاجی سابیر دەڵێت، لە مامەڵەکانی رۆژدا نرخی دیناری عێراقی لە بەرزبوونەوەدا بووە و لەکاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 151 هەزار و 800 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
هاوکات رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاریی دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا 100 دۆلار بە 153 هەزار و، لەکاتی داخستنیشدا بە 151 هەزار و 700 دینار مامەڵەی پێوەکراوە.
 
بەو پێیە، ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار لە هەولێر هەزار و 200 دینار و، لە سلێمانی هەزار و 300 دینار دابەزیوە.
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراوی هەولێر باس لەوە دەکات راگەیێندراوەکەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی لەبارەی راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ئەمریکا، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی بەهای دینارە. بەڵام دەشڵێت، "بازاڕ چاوەڕێی کاردانەوەی ئەمریکایە و لە ئەگەری هەر هێرشێکدا، نرخی دینار بە ئەگەری زۆرەوە دادەبەزێت."
 
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی دەفرۆشێت کە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەداتە بازرگانان، بەڵام زۆرینەی پارەکە بۆ حەواڵەیە و دەچێتە وڵاتانی دەرەوە، نەوەک بازاڕەکانی نێوخۆ.
 
هەروەها نرخی تمەنی ئێرانیش، دویا ئەوەی دوێنێ بۆ 5 ملیۆن و 900 هەزار بەرامبەر 100 دۆلار دابەزی، ئەمڕۆ کەمێک بەرزبووەوە؛ لەکاتی داخستندا بە حەواڵە 100 دۆلار بە 5 ملیۆن و 650 هەزار تمەنە و بە نەختیش 100 دۆلار بەرامبەر 5 ملیۆن و 400 هەزار تمەنە.