عێراق کرێی پشکنین و هاوردەکردنی زێڕ بەرز دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دوا کۆبوونەوەی ئەم ساڵی خۆی کرد و وەزیری دارایی سەرپشک کرد قەرز بۆ پڕۆژەیەکی کارەبا لە کەرکووک بکات. هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا نرخی پشکنین و هاوردەکردنی زێڕ بەرزبکاتەوە.
دووشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد. لەوانە وەزیری دارایی سەرپشک کرد لە واژۆکردن لەسەر رێکەوتنی قەرزکردن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە لە بەرژەوەندی وەزارەتی کارەبا لە وێستگەی گازی کەرکووک، ئەوەش بە گەرەنتیکردنی بانکی هەناردە و هاوردەی ئەمریکی US EXIMBANK، بە پشتبەستن بە یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی فیدڕاڵی؛ لە مادەی پەیوەندیدار بە بنەمای هاوکاریی لەبارەی وزەی عێراق.
ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزاریی وزەی راسپارد بۆ دروستکردنی هێڵی گواستنەوەی نەوتی بەسرە – حەدیسە، بە توانای 2.25 ملیۆن بەرمیل نەوت.
بڕیارێکی دیکەی ئەنجوومەنی وەزیران، پەیوەندی بە زێڕەوە هەبوو، بە گوێرەی بڕیارەکە نرخی پشکنینی زێڕ، کە پێشتر بۆ کیلۆگرامێک 200 هەزار دینار بوو، بۆ 350 هەزار دینار زیاد دەکرێت. نرخی هاوردەی هەر قاڵبی زێڕیش هەر کیلۆیەکی لە 25 هەزار دینارەوە بۆ 125 هەزار دینار زیاد دەکرێت.
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕەنگەرانی کوردستان بە رووداوی گوت: "زیادکردنی کرێی پشکنینی زێڕ، نرخی خشڵەکان بەرز ناکاتەوە، بەڵام کاریگەری زۆری لەسەر دەستحەقی زێڕەنگەران دەبێت و بەرزی دەکاتەوە. هەروەها بەرزکردنەوەی نرخی هاوردەی قاڵبی زێڕیش کاریگەری لەسەر نرخی قاڵب و کیلۆزێڕ هەیە و زیادی دەکات."
جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕەنگەرانی کوردستان گوتیشی: "ئەو رێکارانەی لە عێراق هەن لە هەرێمی کوردستاندا نین و ئەو بڕیارانە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نرخی زێڕ لە هەرێمی کوردستان نابێت، چونکە ئێمە بۆ یەک کیلۆ زێڕ کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە هاوردەی دەکەین 275 دۆلار دەدەین."