بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری: بڕیارە پاداشتی بژمێرەکان دوای پشووی سەری ساڵ خەرج بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕیارە دوای پشووی سەری ساڵ پاداشتی دارایی بژمێرەکان دابەشدەکرێت.
سەرەتای ئەم مانگە شاندێکی وەزارەتی پلاندانان چوونە بەغدا و چەند رۆژێک مانەوە تاوەکو وردبینی لە لیستی پاداشتی دارایی بژمێرەکان تەواو بوو.
رۆژی دووشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2024، مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیکەی هەفتەیەکە شاندی وەزارەتی پلاندانان لە بەغداوە گەڕاونەتەوە. وردبینی لە لیستەکەدا تەواو بووە و هیچ کێشەیەکی نەبوو."
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان گوتی: "وردبینیی لیست تەنیا پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نەبوو، بەڵکو لە بەسرەوە تاوەکو ئەنبار لیست بۆ وردبینی برابووە بەغدا. 150 هەزار کەس لە هەموو عێراق پاداشتی دارایی پرۆسەی سەرژمێری وەردەگرن."
مەحموود عوسمان گوتیشی: "لە بەغدا بە شاندی هەرێمی کوردستانیان گوت لیستەکە هیچ کێشەیەکی نییە و پارەکە دەخرێتە سەر هەژمارەکەتان. بەڵێنیان دا دوای 25ـی ئەم مانگە پارەکە بخەنە سەر هەژمارەکە، بەڵام بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵەوە دوادەکەوێت."
19 هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان ناویان بۆ بوونە بژمێر گەڕابووەوە. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری دەڵێت: "20 بۆ 27 هەزار کەس پاداشتی دارایی وەردەگرن کە بۆ هەر مانگێک 250 هەزار دینارە".
مانگی رابردوو سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد و پرۆسەکە تاوەکو هەفتەی دووەمی ئەم مانگە بەردەوام بوو.