نرخی نەوت و زێڕ لە دوایین رۆژی مامەڵەکانی ئەمساڵدا بەرزبووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

نرخی نەوت رۆژی هەینی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و نزیکە لەوەی بۆ دووەم ساڵی لەسەر یەک بە بەرزبوونەوە کۆتایی بە دوایین رۆژی مامەڵەکانی بهێنێت، هەرچەندە بەرزبوونەوەکە کەم بوو، بەڵام لە ساڵێکدا بوو کە پڕ بوو لە ئاڵنگاری بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و لاوازبوونی خواستی چین لەسەر نەوت.
 
رۆژی هەینی 30.12.2022 نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 20 سەنت، یاخود 0.2٪ بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێک بە 83 دۆلار و 66 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
ئەمساڵ نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 7.6% بەرزبووەتەوە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2021دا بە رێژەی 50.2% بەرزبووەوە. لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە لووتکەی ئاستی خۆی و بە 139 دۆلار و 63 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، ئەمەش ئاستێکە کە لە ساڵی 2008ـەوە نەبینراوە و دوای ئەوە هات رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا ئەمەش نیگەرانیی دابینکردن و ئاسایشی وزەی لێکەوتەوە.
 
هاوکات لە دوایین رۆژی کرانەوەی بازاڕەکاندا لە ساڵی 2022، نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساس بە 78 دۆلار و 63 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، بەوەش نرخەکەی بە رێژەی 0.3٪، یاخود 23 سەنت بەرزبووەوە. ئەمساڵ نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساس %4.5 بەرزبووەتەوە و لە ساڵی رابردووشدا 55٪ بەرزبووەوە.
 
لیۆن لی، شرۆڤەکاری کۆمپانیای CMC Markets دەڵێت، لە کاتێکدا زیادبوونی گەشتەکانی پشووی کۆتایی ساڵ و قەدەخەکردنی فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی نەوتی رووسیا پاڵپشتیی نرخی نەوتن، بەڵام کەمبوونەوەی ئاستی بەکاربردن بەهۆی تێکچوونی ژینگەی ئابووری لە ساڵی داهاتوودا دەبێتە ئاڵنگاریی تووندی بەردەم نرخەکانی نەوت.
 
لی گوتیشی، "پێشبینیی دەکرێت رێژەی بێکاری لەسەر ئاستی جیهاندا لە ساڵی 2023 بەخێرایی بەرزبێتەوە، ئەمەش خواستی وزە سنووردار دەکات. بۆیە پێموایە رەنگە لە ساڵی داهاتوودا نرخی نەوت بۆ 60 دۆلار دابەزێت."
 
نرخی نەوت لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا بە خێرایی دابەزی بەهۆی ئەوەی بانکە ناوەندییەکان لە سەرانسەری جیهاندا رێژەی سوودی بانکییان بەرزکردەوە بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسان، ئەمەش بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرزکردەوە کە وادەکات نرخی کاڵاکان بۆ هەڵگرانی دراوەکانی دیکە گرانتر بێت.
 
هەروەها سیاسەتی بنبڕکردنی کۆرۆنا لە لایەن چینەوە کە تەنیا لە مانگی کانوونی یەکەمدا رێکارەکانی دژی کۆرۆنای سووککرد، هیوای بووژانەوەی خواستی ئەو وڵاتەی لەسەر نەوت تێکشکاند. لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت چین لە ساڵی 2023ـدا قۆناخ بە قۆناخ ببووژێتەوە، بەڵام بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لەو وڵاتە و نیگەرانییەکانی پاشەکشەی جیهانی، ئاسۆی خواست لەسەر کاڵاکان ناڕوون دەکات.
 
جۆن دریسکۆڵ، بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاریی JTD Energy Services دەڵێت: "پێشبینی دەکرا کردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەم دواییە خواست لەسەر نەوت بەرزبکاتەوە؛ لەگەڵ ئەوەشدا زیادبوونی بەرچاوی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە چین نیگەرانییەکی جیددی لەسەر ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە جیهاندا دروستکردووە."
 
بە تێڕوانین بۆ پێشەوە لە دابینکردن، سزاکانی رۆژئاوا پاڵ بە رووسیاوە دەنێت کە هەناردەی زیاتری نەوتی خاو و پاڵاوتە لە ئەوروپاوە بۆ ئاسیا لاببات.
 
ئیوا مانتێی، شرۆڤەکاری کۆمپانیای ING دەڵێت، "ئەمساڵ ساڵێکی نائاسایی بووە بۆ بازاڕی کاڵاکان بەهۆی مەترسییەکانی دابینکردن کە بووەتە هۆی زیادبوونی ناجێگیری و بەرزبوونەوەی نرخەکان." ئاماژە بەوەش دەکات، "پێشبینی دەکرێت ساڵی داهاتوو ساڵێکی دیکەی نادڵنیایی بێت و ناجێگیرییەکی زۆر هەبێت."
 
هاوشێوەی نەوت، نرخی زێڕیش لە دوایین رۆژی مامەڵەکانی ئەمساڵدا بە بەرزبوونەوە دەستیپێکرد و بە نزیکەی 1819 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. ئەوەش بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار بەهۆی بەرزبوونەوەی داواکاریی بیمەی بێکاری لە ئەمریکا.
 
ئەمڕۆ نرخی زێڕ نزیکەی 4 دۆلار لە کاتی کرانەوەی بازاڕەکاندا بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەک بە 1818 دۆلار و 82 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. 
 
داواکاریی بیمەی بێکاری لە ئەمریکا تاوەکو 24ـی ئەم مانگە بە بڕی 9 هەزار داواکاری بەرزبووەتەوە و گەیشتووەیە 225 هەزار داواکاری، ئەوەی بەهای دۆلاری دابەزاند و کاریگەریی ئەرێنیشی لەسەر نرخی زێڕ دانا.
 
نرخی زێڕ لەم هەفتەیەدا توانی بە رێژەی 1.5٪ بەرزبێتەوە و بگاتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا. بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە دوایین هەفتەی ئەمساڵدا نەیتوانیوە بەردەوام بێت لەبەر ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا بۆ جارێکی دیکە.
 
لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵەوە دوای ئەوەی نرخی زێڕ دابەزی بۆ کەمترین ئاستی خۆی و نزیکبووەوە لە 1600 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، تاوەکو ئێستا نرخی زێڕ توانیویەتی 200 دۆلار بەرزبێتەوە.
 
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا و بەهۆی سووککردنی رێکارەکانی دژی کۆرۆنا لە چین، نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاست لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا بەرزبووەوە.