رێژەی هەڵاوسان لە ناوچەی یۆرۆ 10.1٪ بەرزبووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ 
 
دوای بڕیارێکی حکومەتی ئیسپانیا، نرخی شتومەک لە زۆربەی مارکێت و بازاڕەکان دابەزیوە. حکومەتی ئیسپانیا پاکێجێکی هاوکاری بە بەهای 10.6 ملیار دۆلار بۆ هەرزانکردنی چەند خۆراکێک، لە رێگەی لابردنی باج لەسەریان، راگەیاندووە.
 
ئەلینا ئالڤێرێس، دانیشتووی مەدریدە و دەڵێت، "دەبوو هەموو شتێکیان هەرزانکردبا، بەڵام ئەوەی باشە، ئەوەیە کە ئەمە سوودی بۆ ئەو کەسانە هەیە کە داهاتی کەمتریان هەیە." 
 
هەڵاوسان لە ئیسپانیا گەیشتووەتە 6.7٪، بە گوێرەی پاکێجەکە، هەر خێزانێکیش داهاتی لە 27 هەزار یۆرۆ کەمتربێت لە ساڵێکدا، مانگانە 200 یۆرۆ وەردەگرن.
 
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا دەڵێت، "سەرەتا بۆ ماوەی شەش مانگ باج بۆ هەموو خۆراکە سەرەکییەکان لە 4٪ـەوە دەکەینە 0٪، بۆ رۆنی شل و پاستاش لە 10٪ـەوە دەکەینە 5٪." 
 
بەرزبوونەوەی نرخ هەموو ناوچەی یۆرۆ و بەریتانیاشی گرتووەتەوە، بە جۆرێک، بەراورد بە پار، رێژەی هەڵاوسان لە ناوچەی یۆرۆ 10.1٪ بەرزبووەتەوە. ناوچەی یۆرۆ 19 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا دەگرێتەوە کە یۆرۆیان وەکو دراوی سەرەکیی وڵاتەکەیان قبووڵکردووە و بەکاری دەهێنن.
 
تەنیا لە ئەڵمانیا، رێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە 10٪، لە ئیتاڵیاش گەیشتووەتە 11.8٪. لە بەریتانیا، کە لە ساڵی 2020 لە یەکێتیی ئەوروپا دەرچوو، رێژەی هەڵاوسان تێیدا گەیشتووەتە 10.7٪.  
 
لە شاری ئێدنبرە لە سکۆتلاند، سایمن فڕانچیس و هاوڕێکانی لە دژی بەرزبوونەوەی نرخ کامپەینیان دروستکردووە. سایمن دەڵێت، "لەم کاتەدا، خەڵکی بەدەست قەیرانی بەرزبوونەوەی نرخەوە دەناڵێنن. بۆیە گرنگ نییە داهاتت چەندە، هەر کاریگەریی لەسەر دەبێت." 
 
لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان، قەیرانی سووتەمەنی بەهۆی جەنگی ئۆکراینا و بەرزبوونەوەی نرخ، زیاتر گورزی خۆی وەشاندووە. بەگوێرەی دامەزراوەی دژە هەژاری لە بەریتانیا، سەروو سێ ملیۆن خێزان لە وڵاتەکەدا ناتوانن پارەی گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان بدەن. لەنێویدا، 710 هەزار خێزان ناتوانن خۆراک و پۆشاکی پێویست بکڕن.