دوای 17 مانگ هەڵاوسان لە ناوچەی یۆرۆ دابەزی


رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ئاماری سەر بە یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، لە دوای 17 مانگ بۆ یەکەمجار رێژەی هەڵاوسان لە ناوچەی یۆرۆ دابەزیوە و لە مانگی تشرینی دووەمدا 10٪ بووە.
 
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و خۆراک لە دەرەنجامی شەڕی رووسیا و ئۆکرایناوە، لەدوای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2021ـەوە بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ناوچەی یۆرۆ هەموو مانگێک ژمارەیەکی پێوانەیی مێژوویی نوێی تۆمارکردووە.
 
لە مانگی تشرینی یەکەمدا هەڵاوسان لە ناوچەی یۆرۆ ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد و گەیشتە 10.6%. بەوهۆیەشەوە گەشەی ئابووریی ناوچەکە بۆ 0.2% دابەزی. ئەمە یەکەمجار بوو لە مێژووی یەکێتییەکە هەڵاوسان بگاتە سەروو 10٪، لەو مانگەدا نرخەکانی وزە 41.5٪ بەرزببوونەوە.
 
کەمبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان گوشارەکان لەسەر بانکی ناوەندیی ئەوروپا بۆ بەرزکردنەوەی زیاتری نرخی سوودی بانکی کەمدەکاتەوە، هەرچەندە کریستین لاگاردی، سەرۆکی ئەو بانکە رایگەیاندبوو کە گومان دەکات هەڵاوسان گەیشتبێتە لووتکە.
 
خاوبوونەوەی خێرایی بەرزبوونەوەی نرخی وزە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی هەڵاوسانی گشتیی مانگی تشرینی دووەم بووە لە ناوچەی یۆرۆ.
 
لەنێو ئەو 19 وڵاتەی کە یۆرۆ بەکاردەهێنن، ئیسپانیا ئێستا کەمترین رێژەی هەڵاوسانی هەیە کە 6.6٪ـە، بە بەراورد بە فەرەنسا کە پێشتر کەمترین رێژەی هەبوو، بەڵام ئێستا هەڵاوسان لەو وڵاتە بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 7.1%.