وەزارەتی کشتوکاڵ: هاوردەکردنی هەنار، کەلەرم و کاهوومان قەدەخە کردووە

30-10-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی، هاوردەکردنی هەنار، کاهوو و کەلەرمیان قەدەخە کردووە.
 
چوارشەممە، 30ـی تشرینی یەکەمی 2024، زێدا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەپێناو ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی هەنار، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەکانی رابردوو باجیان لەسەر دانابوو؛ بەڵام دوێنی نووسراوێکیان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگەکان کرد، کە پێویستە هاوردەکردنی هەنار بە هەموو شێوەیەک قەدەخە بکرێت.
 
سەبارەت بە بەرهەمەکانی دیکەش، زێدا محەممەد گوتی "بۆ میوەکانی دیکە، جارێ نازانین بەرهەممان چۆن دەبێت، بەڵام لە بەرهەمەکانی سەوزەدا، هاوردەکردنی کەلەرم و کاهوومان راگرتووە، چونکە لە ناوخۆدا بەرهەمی پێویستمان هەیە."
 
سەبارەت بە هەناردەکردنی هەنار، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی، "هەناردەکردنی هەنار بەردەوامە، بەتایبەتی هەناری هەڵەبجە و زاخۆ، جووتیارانی ئەو سنوورانەش خۆیان سەرپشکن کە چۆن لەگەڵ کۆمپانیاکانی هەناردەکار رێکدەکەون."
 
بە گوتەی زێدا محەممەد، لە عێراق خواست لەسەر بەرهەمی میوە و سەوزەی هەرێمی کوردستان زۆرە و دەڵێت، "هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و عێراق، بە هاوبەشی رۆژژمێرمان رێکخستووە و بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی یەکدی هاوئاهەنگیی تەواومان هەیە."
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی هەنار لە وەرزی پێگەیشتنیدا ساڵانە دەگاتە 80 هەزار تۆن و زۆرترینیشی هەناری هەڵەبجەیە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی

بۆچى پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێش سەری ساڵ نەنێردرا؟

نەناردنى ئەو پارەیە پێش کۆتایی ساڵ، پەیوەندیی بە کێشەى نەختینەوە هەبووە لە هەژمارى وەزارەتى دارایی عێراق دا، ئەویش بەهۆى زیادبوونى خەرجییەکانى لەکۆتایی ساڵدا، کە تەنیا خەرجییەکانی مانگى تشرینى یەکەم، بەراورد بە مانگەکانی پێشتر 50% زیادیان کردووە.